حکوومەتی ئێران رێگرە لە گەیشتنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بە خەڵک

:: PM:04:00:16/11/2017 ‌

کاریگەرییەکانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژ بە رۆژ زیاتر ئاشکرا دەبن و ئەوەی دوای بوومەلەرزەکە زیاتر  بەشێک لە خەڵکی پەرێشان کردووە ئەوەیە دوای چوار رۆژ لە رووداوەکە هیچ جۆرە یارمەتییەکی سەرەتاییان پێنەگەیشتووە.

 

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا خەڵکی گوندێک بۆ سەرچاوەیەکی فارسی قسە دەکەن کە دیار نییە چ کەناڵێکە. کچێک هەر بە زاراوەی کەلهوڕی دەڵێت "دەوڵەت لە کوێیە، باشە خۆی یارمەتی خەڵک نادات بۆچی رێگە نادات یارمەتی نێودەوڵەتی بەدەستی خەڵک بگات."

 

ئەو ئاماژە بە ماڵێکی دراوسێیان دەکات کە هەشت کەسی خێزانەکە گیانیان لەدەست داوە و لە گوندەکەشیان ١٠٥ کەس گیانیان لەدەست داوە.

 

خەڵکی گوندەکە دەڵێن هیچ سەرپەنایەکیان نییە و خەریکە لەسەرمان دەمرن و ئەو یارمەتیانەش کە پێیان کراوە تەنیا هیی خەڵکە نەک حکوومەت.

ئەوان دەڵێن "ئەو خەڵکەی لە شارەکانی تر یارمەتیان گەیاندۆتە خەڵکی لێقەوماو خۆیان لە خەڵکی لێقەوماو نەدارترن و ئەگەر بتوانن یارمەتی کۆبکەنەوە باشە بۆچی دەوڵەت بەو گەورەییەی خۆی ناتوانێت یارمەتی خەڵک بدات."

 

بوومەلەرزەکە شەوی یەکشەم لەسەر دووشەم سەعات ٩:٢٠  خولەک بە گوڕی ٧.٣ بە پێوانەی ریختەر رووی دا کە ناوەندەکەی سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کردستان بوو لە نزیک هەڵەبجە. بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەكان، ١٥٠ ملیۆن كەس لە ناوچەكە هەستیان بە بوومەلەرزەكە كردووە. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەی خەمڵاندووە كە لە بازنەیەكی شوێنی بوومەلەرزەكە بە نیوەی تیرەی ١٠٠ كیلۆمەتر، ملیۆنێك و ٨٠٠ هەزار كەس دەژین.

بە پێی ئاماری فەرمی حکوومەت نزیکەی ٥٠٠ کەس گیانیان لە دەست داوە بەڵام نوێنەری کرماشان لە پەرلەمانی ئێران گوتبووی ئامارەکە سەرووی هەزار کەسە.

ئەو بوومەلەرزەیە ، یەكێكە لە بەهیزترین ئەو بوومەلەرزانەی لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا لەو پارێزگایە رووی دابێت. لە هەرێمی كوردستانیش هەشت کەس بە هۆی بوومەلەرزە گیانیان لەدەست دا و بیری خەڵك نایەت هەستیان بە بوومەلەرزەیەكی ئاوا بەهێز كردبێت.




 


 



وشە - سلێمان تاشان