باڵوێزخانەی ئەمەریكا باس لە بوومەڵەرزە چاوەڕوانكراوەكە دەكات

:: PM:04:38:16/11/2017 ‌
باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا رەتی دەكاتەوە كە ئاژانسی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریكا توانای پێشبینیكردنی روودانی بوومەلەرزە و لەرزینی زەوی هەبێت و داواشی كرد كە باوەڕ بە راپۆرتەكانی راگەیاندن لەوانەی راست نین، نەكرێت.

باڵوێزخانەی ئەمەریكا ئەمڕۆ پێنجشەم لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پرسیاری ئەوەی خستە روو كە ئاخۆ ئاژانسی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریكا توانای ئەوەی هەیە پێشبینی روودانی بوومەلەرزە لە داهاتوودا بكات؟، لە وەڵامدا دەڵێت، نەخێر. 

باڵوێزخانەكە دووپاتی دەكاتەوە كە نە ئاژانسەكە و نە زانایان و نە هیچ تەكنۆلۆجیایەكی تر ناتوانن پێشبینی روودانی بوومەلەرزە بكەن و تەنانەت كەس نایزانێت. بۆیە رێنوێنی هەمووان دەكەین كە باوەڕ بە راپۆرتەكانی راگەیاندن لەوانەی راست نین، نەكەن و بۆ دڵنیابوونەوەش پێویستە خەڵكی راستەوخۆ سەردانی ماڵپەڕی فەرمی ئاژانسەكە بكات بۆ دەستكەوتنی زانیاری ورد لەو بارەوە.

لە دوای چەند بوومەلەرزەكەی شەوی 12ی ئەم مانگە كە عێراق و هەرێمی كوردستان و ئێران و كوێت و سووریای گرتەوە، دەنگۆی ئەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەوە كە ئاژانسی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریكا پێشبینی روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل