نەخۆشی شێرپەنجە كۆتایی بەخۆشەویستی دێنێت

:: AM:09:31:17/11/2017 ‌
چریكە كچێكی تەمەن 25 ساڵ دوای ئەوەی ماوەی سێ ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی لەگەل كوڕێكدا دەبێت و دواتر هاوسەرگیری دەكەن، لە ماوەی دەسگیران داریاندا دەردەكەوێت كە ئەو كچە توشی شێر پەنجەی مەمك بووە، دەسگیرانەكەی بێ ئەوەی هیچ قسەیەكی لەگەڵ بكات جێی دەهێڵت و لێی جیا دەبێتەوە.

چریكە لەسەردانی كردنی بەردەوامی بۆ نەخۆشخانە بێزار نابێت، پڕ بەهیواوە بەبەردەوامی چارەسەر وەردەگرێت، ئەو پێی وایە ئازارەكانی شێرپەنجە چەندە قورسبن هێشتە تامەزرۆیی بۆ مانەوە لەژیان گەورەترە، بۆیە بەو پەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە داوای كرد بەسەرهاتەكەی وەك خۆیی و بەناوی خۆیی بنوسرێتەوە (چریكە) بۆ "وشە" باسی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت، بەر لەوەی بزانم ئەو نەخۆشیەم هەیە هێندە هۆگری ژیان نەبووم، بەڵام ئێستە لەگەڵ هەموو ئازارەكانم لەجەنگ دام.

چریكەی تەمەن 25 ساڵ كچێكی باڵا مامناوەندی قژ زەرد دەڵێت، پێشتر كێشی جەستەم زۆر بوو، بەڵام بەهۆیی نەخۆشییەكەی ئێستە بەڕێكی دەردەكەوێت، ئەو چیرۆكی ژیانی بەو شێوەیە دەست پێ‌ دەكات لە دوای زانكۆ لەكۆمپانیایەكی ئەهلی كارم دەكرد، لەڕێگەی كاركردنمەوە "سۆران"م ناسی، ئەو لە كۆمپانیایەكی دی كاری دەكرد، چەند جارێك بەهۆیی كاری كۆمپانیاوە یەكترمان بینی، پاشان بووبن بەهاوڕێ و دواتر خۆشەویست.

چریكە بەئازارەكانی جەستەی دەناڵێنێت زیاتر دەڵێت، ماوەی سێ ساڵ پەیوەندییەكی ئاسایمان هەبوو وەك هەر دوو خۆشەویستێك لەو كوردستانە هەن، لە ڕاستیدا ئەو كوڕێكی خراپ نەبوو، هەرچۆن بوبێت هەلبژاردەی خۆم بوو، بەڵام لەئاست ئەو قوربانیانەدا نەبوو كەمن بۆم دا، چونكە لە سەخترین ڕێگەدا جێی هێشتم، لەكاتێكدا وەك هەموو كوڕێك ڕۆژی هەزار جار بەلێنی پێدەدام كە بۆمردنیش لەگەلمدا دەبێت.

لەو نەخۆشخانەیەی "چریكە" تیایدا چارەسەر دەكرێت جیاواز لە نەخۆشەكانی دیكە دەردەكەوێت، ڕەنگە ئازارەكانی وەك زۆربەیان بێت و قورستریش، بەڵام هێشتە بە خەندەوە  دەدوێت و چاوەكانی پڕ لە هیوا دەردەكەون، ئەو لەگەل باسكردنی ئەو سەختیانەی تێیاندا ژیاوە، هەمیشە جەختی لەوە دەكردەوە كە بێگومانە لەوەی چاك دەبێتەوە و ژیانی زۆر باشتر دەبێت لەو ڕۆژگارانەی تێی پەڕاندوون.

ئەو كچە پڕاو پڕ لە هیوایە باس لەوە دەكات بارودۆخی خێزانی سەرەتا گونجاو نەبووە كە هاوسەرگری بكات بەهۆیی كێشەی دایكی و باوكی، بەڵام دواتر لەگەڵ ساردبوونەوەی كێشەكاندا بڕیاریان داوە ڕازی بن، بەڵام بەئاسانی تێنەپەڕیوە، چونكە ماڵی (چریكە) ڕازی نابن بەو هاوسەرگیریە، ئەو دەلێت" باوكم لەیەكم داواكردندا پێی گوتم (سۆران) كوڕی تەنگانە نیەو پیاوی بەخێوكردن وبەڕیوەبردنی خێزان نیە، بەڵام من گوێم نەگرت و زەختێكی زۆرم لە ماڵەوە كرد كار گەیشتە ئەوەی بەخۆكوشتن هەڕەشەم كرد، تاوەكو دوای سێ جار داواكردن باوكم بە ناچاری ڕازی بوو، مارەكرام و لەچاوەڕوانی بینینی ڕۆژی خۆشدا بووم، بەڵام پێچەوانەم بەسەرهات".

ڕۆژە خۆشەكانی چریكە هاوشێوەی هەر كچێكی ئەو نیشتمانە هێشتە خەون بینینە بە تاڕایەكی سپی، بەڵام چەند هەفتەیەك بەسەر مارەكردنەكەی چریكە تێدەپەڕێت، ئەو دەڵێت" هەستم بە هەبوونی گرێیەك دەكرد لە سنگمدا،  سۆرانم لێ ئاگەدار كردەوە و بەیەكەوە بڕیارماندا بچینە لای پزیشك، دوای چەندین پشكنینی جیاواز دەركەوت كە گرێم هەیە و جۆری گرێكەشم پاك نییە، ماوەیەك لەژێر چارەسەر بووم دواتر پزیشك بڕیاری بڕینەوەی مەمكمی دا ئیدی (سۆران) بەتەوای دیار نەما".

لەسەرەتای زانینی نەخۆشیەكەی (چریكە)، (سۆران) هیچ بەرپەرچێكی ناخۆشی نابێت، بەڵـام چریكە دەڵێت" هەر ئەوكاتەی كە پزیشك گوتی دەبێت مەمكی ببڕینەوە ئیدی (سۆران) بوو بە كەسێكی دیكە تەنانەت ماڵەوەشیان وەك پێشتر سەردانیان نەدەكردم و لێیان  نەدەپرسیم، ئیدی وردە وردە بەچەن بیانویەك خۆی دوور خستەوە و لەژیانم بەیەكجاری لەو ڕێگەیە بەجێی هێشتم".

(سۆران) بە (چریكە) و مالی باوكی دەڵێت، بۆسەفەرێكی چەند ڕۆژی گەشت دەكات بۆ توركیا بەهۆیی كارەوە، بەڵام دواتر ناگەڕێتەوە (چریكە) دەڵێت" دواین پەیوەندی لە فرۆكەخانەوە بووە كە پێی گوتم بگاتە توركیا پەیوەندی پێوە دەكات ئیدی نە پەیوەندی كردووە نە چیدی ئەو ژمارەیە كاری كردووە"، چریكە هاوشێوەی باڵندەیەكی كۆت كراو ئیتر جگە لەنەخۆشییەكەی پارێزگاری خۆشەویستییەكەشی دەكەوێتە ئەستۆ و دەڵێت، دوای هەفتەیەك من هەر درۆم لەگەڵ ماڵەوە دەكرد و پێم دەگوتن كە پەیوەندی دەكات بۆئەوەی ئەوان هەست بەهیچ نەكەن، بەڵام  ئەو گەورەتر لەوە هەنگاوی هاویشتبوو كەمن  پێشبینیم نەدەكرد.

ماڵی باوكی (سۆران) دەچنە ماڵی باوكی (چریكە) و پێیان دەڵێن كوڕەكەیان لە توركیاوە بەڕێی قاچاخ چۆتە دەرەوەی وڵات و ئیدی ناگەڕێتەوە، ئەوەی بۆ كچەكەتان كراوە پیرۆزی خۆیی بێت، بەڵام كوڕەكەمان پێش بڕوات كچەكەتانی تەڵاق داوە، بۆكاری دادگایش باوكی كردۆتە وەكیلی خۆیی.

شەپۆڵەكانی خەم هاوشێوی ئازارەكانی نەخۆشی هێرش بۆ كچە 25 ساڵیەكە دەبەن و دەڵێت، بۆ من شۆك بوو ئەو كارەی سۆران، بەڵام بۆ ماڵەوەمان وەك بڵێی چاوەڕوان كراو بوو، بۆیە ئەوان هەموو شتێكیان كرد تاوەكو من زیاتر لەوەی بەهۆیی نەخۆشیەكەمەوە دەیچێژم ، ڕوبەرووم نەبێتەوە هەر بۆیە هەموو كاروباری دادگایان تەواو كرد و بەڕەسمی لەیەكدی جیابووینەوە، ماوەیەكی زۆر خەمم خوارد و بێتاقەت بووم و لۆمەی خۆمم كرد، بەڵام لە كۆتاییدا بۆم دەركەوت من دەبێت بەهێزتربم لەوەی بەهۆیی كوڕێك و نەخۆشیەك روبەرووم دەبێتەوە و لەگەڵ هەموو پێشهاتێكی ناخۆشدا دەجەنگم بۆمانەوەم  لەژیان.

هەڵاتنی خۆری هیوای چریكە دەست پێ‌ دەكات پزیشكەكان لەبارەی چارەسەری نەخۆشیەكەی (چریكە) وە دەڵێن، چارەسەری هەیە و ئێستە بەقۆناخێكی باشی چارەسەرەكەی گەشتوون و ئەو بیرۆكەیە زۆر بە هەڵە دەزانن كە هەر كەسێك شێرپەنجەی هەبێگ دەمرێت و ئێستە ڕێگەی چارەسەری زۆرباس لە دونیا و كوردستانیشدا بۆ ئەم نەخۆشیە هەیە. 

ئیڤان عەبدولرەحمان
 





وشە - رامیار جەواد