هێنانی دەرمان و مادە هۆشبەرەكان لە پارێزگای سلێمانی لە زیادبووندایە و بەپێی ئامارەكان، ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەو مادانە لە زیادبووندان. زانیارییەكانی بەردەست "وشە" پشتڕاستی ئەوە دەكەنەوە كە بەرپرسانی باڵای سلێمانی خۆیان لە پشت هێنانی ئەو مادانەوەن بۆ شارەكە و لە سنوورەكان دەیپەڕێننەوە.
ساڵی 2016 یەك تۆن شیشە و یەك تۆن حەبی هۆشبەر لە سلێمانی گیران، لەمساڵیشدا تا ئێستە سێ ملیۆن حەبی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە لەگەڵ 700 گرام شیشەی كریستاڵ كە ترسناكترین مادەیە. بەپێی ئامارەكان ساڵی رابردوو 310 كەس بە تۆمەتی بەكارهێنان گیراون و ئەمساڵیش ئامارەكە زیاتر لە هەڵكشاندایە، بەڵام بازرگان و ئەوانەی لە پشتی هێنانی ئەو مادانەوەن دیار نین و ناگیرێن.
"وشە" لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە ئەوەی زانیوە بەشێك لە بەرپرسان بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەكەن و لە دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ ئێراندا بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانی خۆیان كە نایەنە پشكنین و ڕێپێدانی تایبەتیان بۆ دەكرێت، ئەو مادانە دێننە ناو هەرێمی كوردستان و بازرگانی پێوە دەكەن.
ئەو سەرچاوەیە بۆ "وشە" گوتی، "نازانرێت ئاخۆ دەزگە تەناهییەكان بەمە دەزانن یا نا، بەڵام ئەم پرسە رژدە و ئەگەر ڕێی لێ نەگیرێت، تا پێنج ساڵی تر بازرگانی مادەی هۆشبەر خەڵكی تریشی تێوە دەگلێت و ئەوكات بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت."
سنوور و دەروازەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران یەكێكە لەو دەرگایانەی بەكراوەیی مامەڵەی گواستنەوە و بازرگانی مادە هۆشبەرەكانە، بەهۆی نزیكی ئێران ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵی ئەو مادانە لە هەڵكشاندان، چونكە لە ئێران زیاتر لە دوو ملیۆن بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر هەن و هەر ئەوەش هۆكارە و برەوی بە بازرگانی مادەی هۆشبەر بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت پارێزگای سلێمانی داوە.
جەلال ئەمین بەگ بەڕێوەبەری ئاسایشی مادە هۆشبەرەكان، هۆشداری دا لە زیادبوونی بەكارهێنان و بڵاوبوونەوەی زیاتری مادە هۆشبەرەكان و گوتی، "ساڵی 2015 تەنیا 150 كەس گیراون، بەڵام 2016 بۆ 310 كەس زیادی كردووە و بەپێی ئەوەی لە كۆتای ئەمساڵیش نزیك دەبینەوە، زۆر زیاتر گیراون".
هەفتەی ڕابردوو هۆبەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكانی ئاسایشی سلێمانی، كۆگەیەكیان لە شەقامی ئۆرزدی شارەكە ئاشكرا كرد كە دوو ملیۆن حەبی ترامادۆڵی تێدا بووە و دەستیان بەسەردا گرتووە.
ئەمین بەگ بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، "زیاتر لە مانگێك چاودێری ئەو كۆگەیەمان كرد و دەستمان بەسەردا گرت، چوار كەسیشمان گرتووە كە بازرگانییان بەو حەپانەوە كردووە و ویستوویانە بڵاوی بكەنەوە".
"سنوورەكان زیاتر پێویستیان بە توندوتۆڵی هەیە و دەبێت دەزگە تەناهییەكان چاوكراوەتر مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بكەن بۆ ئەوەی لە دواییدا پەشیمان نەبینەوە كە بگات بە سنوورێك كۆنتڕۆڵ نەكرێت" ئەمین بەگ وای گوت.
هەر بەپێی زیانیارییەكانی بەردەست "وشە"، ئەو كەسانەی لەسەر بازرگانی مادەی هۆشبەر دەگیرێن و حوكم دەدرێن، ئەگەر بەرپرسی باڵایان لە پشتەوە بێت، ئەوا لە گرتووخانە مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ دەكرێت و شوێنی تایبەت و خواردن و تەلەڤزیۆن و هۆڵی تایبەتیان بۆ دیاری دەكرێت و پارێزراون.
وشە/ سلێمانی- تایبەت