هێرشی لایەنگرانی كۆمەڵ و یەكگرتوو بۆ سەر یەك بەردەوامە

:: PM:01:11:17/11/2017 ‌
دوای بڵاو كردنەوەی كۆمەڵێك فایلی نهێنی 17 سەركردەی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەفتەنامەی "وشە" هێرشی ئەو دوو حزبە ئیسلامیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتەواوی بەر پرسانی ئەو دوو حزبەی نیگەران كردووە، مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت، نزیك بوونەوە یان یەكگرتنی ئەو دوو حزبە جارێكی تر لە ژێر چەتری هەر ناوێك ڕوونادات.

ئەمڕۆ هەینی 17ـی تشرینی دووەم، كەناڵی ئاسمانی سپێدە كە میدیای فەرمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە لە هەواڵێكی بڵاوی كردۆتەوە تیایدا هاتووە،  لە روانگەی رێنوێنییەكانی دامەزراوەی راگەیاندن و هونەری یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان و لە پێناو پاراستنی گیانی برایەتی و لە سەر داوای دۆستان و برایانی ئیسلام خواز، لای خۆمانەوە ئەو باس و بابەتانەی كە جۆرێك لە نیگەرانی لای ئەو بەرێزانە لێ دەكەوێتەوە راگرتووە، بە هیوای كۆتایی هێنان بە هەموو كار و كاردانەوەیەكی نەخوازراوی لەو جۆرە.

شاخەوان تاهیر مامۆستای كۆلێژ شارەزای بواری میدیا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی ئیسلامییەكان لەژێر یەك چەتر ڕوونادات، چونكە كارەكە لە دەست سەركردەكان نیە بەڵكو جەماوەرەكەیانە بڕیار دەدات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان،  ئیتر ئەو دوو حزبە بەیەكەوە هەڵناكەن بۆیە باشترە ئەو نزیك بوونەوەی لەپێشوو هەیان بوو بە ئاشكرا بڵێن هەموو شتێك كۆتایی هات.

لەژمارەی 210ـی هەفتەنامەی "وشە" ڕاپۆرتێك بڵاو كراوەتەوە لەسەر خانەنشین كردنی 17 بەرپرسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەپلەی بەڕێوەبەری گشتی كە پێكهاتوون لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە.



وشە - رامیار جەواد