مەسروور بارزانی: جێبەجێكردنی دەستوور بە ئامرازە نادەستورییەكان ناكرێت

:: PM:02:53:17/11/2017 ‌
مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە برێت مەكگورك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش كرد.

‎لە دیدارەكەدا برێت مەكگۆرك رای گەیاند، كە ئەمەریكا هەرجۆرە پەنا بردنێك بۆ كرداری سەربازی لە یەكلاكردنەوەی كێشەكان رەتدەكاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناكانیشی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گرژییەكان بڕەوێنرێنەوە و هەردوولا دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ ئەوەی بە شێوازێكی ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستوور كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

‎نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش دەڵێت، وڵاتەكەی لە پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی دەستووری دووپات دەكاتەوە و خوازیارن هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی و بە هێزەوە لە چوارچێوەی دەستوور لە گشت بوارەكاندا لە پێشكەوتن بەردەوام بێت، هەروەها دووپاتی لە هەماهەنگی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كردەوە.

‎مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان گوتی، هەرێمی كوردستان هەمیشە بڕوای بە رێگە چارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی كێشەكان لە ناوچەكەدا و ئێستەش خوازیارە دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووترە بۆ ئاستی ئیداری و سیاسی بگوازرێنەوە.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەڵێت، جێبەجێكردنی دەستوور بە ئامرازە نادەستوورییەكان ناكرێت، بەڵكو بە گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و لەیەك گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ كێشەكان بدۆزرێنەوە.



وشە - رامیار جەواد