كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجام دەدرێت

:: PM:04:36:17/11/2017 ‌
بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیارە ڕۆژی سێشەم لەشاری كەركووك دانیشتنی ئەنجوومەنەكە بەڕێوە بچێت "وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە چەندین ئەندامی ئەنجوومەن كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەیان نەداییەوە.

ئەمڕۆ هەینی 17ـی تشرینی دووەم، بەگوێرەی نووسراوێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە تیایدا هاتووە، ڕۆژی 21ـی تشرینی دووەم كە دەكاتە سێشەم دانیشتنی ئەنجوومەن بەڕێوە دەچێت لەلایەن ڕێبوار تاڵەبانی.

لەبەشێكی نووسراوەكە كە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی تیایدا خراوەتە ڕوو هاتووە، كۆبوونەوەی ژمارە 387 ئەنجوومەن بەڕێوە دەچێت لەبارەی گفتوگۆ لەسەر دۆخی تەناهی شاری كەركووك.

ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ كەركووك لە 41 ئەندامی‌ هەیە، 26 ئەندامیان فراكسیۆنی‌ برایەتییە، دوای‌ رووداوەكانی‌ 16ـی تشرینی یەكەم، شاری‌ كەركووك و ناوچە ناكۆكەكانەوە كە هێزە عێراقییەكان كۆنتڕۆڵیان كردەوە بەهاوكاری چەند سەركردەیەكی ناپاكی یەكێتی.

شاری كەركووك كە شارێكی كوردستانییە و ئێستە لەلایەن حەشدی شەعبی دەستی بەسەردا گیراوە و هەوڵی شێواندنی دیمۆگرافیای شارەكە دەدرێت لەلایەن حكوومەتی عێراق و چەند لایەنێكی شیعە نزیك لە ئێران.





وشە - رامیار جەواد