لەبەر قاچاخچێتی واز لە ژن و چوار منداڵەکەی دەهێنیت

:: PM:11:24:17/11/2017 ‌

پێاوێکی خێزاندار كه‌ سێ کوڕ و کچێکی هه‌یه‌، ماوەی ساڵێکە خێزانەکه‌ی جێهێشتووە و پێێ گوتوون ناگەڕێتەوە لایان، لە وڵاتی تورکیا کاری قاچاخچێتی دەکات. خێزانی ئەو پیاوە، داوای كردووه‌ خێزانەکەی بباتە لای خۆی و لەوێ بەیەکەوە بژین، یان بە یەکجاری لێی جیا بێتەوە، بەڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی بەهیچ یەک لەو داواکاریانە ڕازی نابێت. ماڵی باوکی ئەو ژنەش پێیان گوتووە، ئەگەر بەردیشت بەسەردا ببارێنێت دەبێت قبووڵی بکەیت، نەک بە چوار منداڵه‌وه‌ لەدوای 15 ساڵ ژیانی هاوسەرگیری تەڵاق بدرێیت و ببیت بە بێوەژن.

دیلان ئەو ژنە تەمەن 37 سالەیە کە ئێسته‌ بۆ چوار منداڵ هەم دایکە و هەمیش باوک، ئەو دەڵێت، تەنیا مێردەکەی نییە کە نا مرۆڤانە مامەڵە بە داهاتووی خۆی و منداڵەکانییەوە دەکات، بەڵکو ماڵی باوکیشی بە گەورەترین تاوانبار دادەنێت لە ئاست خۆییدا، "دیلان" چیرۆکی ژیانی خۆیی لە گەڵ چوار منداڵەکەیدا بۆ "وشە" باس دەکات و دەڵێت، لە دووریی مێردەکەم، هیچ بۆشاییەک نییە بۆ من بەڵام منداڵەکانم پێویستییان بە بوونی ئەوە، لە بێ بەرپرسیارییەتی باوکیشیاندا من هەموو شتێک دەکەم بۆ ئەوەی لە هیچیان کەم نەبێت.

"ژیانمان هیچ کێشەی نەبوو، من کارمەندی حکوومەتم و ئەویش خاوەن دووکان بوو، بەڵام دوای تێکچووونی باروودۆخی ئابووریی کوردستان، ئیدی کار و کاسبی ئەویش وەک هەموو خەڵک کەم بوو، وردە وردە بێزاریی دایگرت و لە ڕێگەی چەند هاوڕێیەکی کە قاچاخچیبوون هانیان دا دەست بەو کارە بکات و ئەویش لەگەڵیان ڕیکەوت و دەستی بەو کارە کرد".

دیلان ده‌ڵێ، بە هەموو شێوەیەک هەوڵم دا ڕێگەی لێ بگرم ماڵی باوکیم ئاگادار کردەوە، بەڵام نەیان توانی ڕیی لێ بگرن، ماڵی باوکیشم گوتیان پیاوە و لە کوێ ڕۆزی هەبێت دەبێت بچێتە ئەوێ و تۆش دەبێت ڕازی بیت و ئاگاداری ماڵ و منداڵەکانت بیت، ماوەی دوومانگ ماڵمان ببو بە دۆزەخ هەموو ڕۆژێ شەڕو ناخۆشی بوو من و منداڵەکان وامان لێهات بەناچاری ڕازی بووین بڕوات بەلام بەو مەرجەی کە هەموو مانگێک بێتەوە لامان.

دوای ڕۆشتنی "جەلیل"ی هاوسەری "دیلان" چەند مانگێکی پێ دەچێت و ناگەڕیتەوە، هەر جارە  پاساوێک بۆ نەگەڕانەوەی ده‌هێنێته‌وه‌، تا دەگاتە چەند مانگێک و ئیتر بە یەکجاری و بە ڕوونی پێیان دەڵێت، ناگەڕێتەوە و دەبێت خیزانەکەشی ڕازی بێت.

دیلان باس لەوە دەکات، ئەو کە خاوەن کار و مووچە و ماڵ و منداڵی خۆیەتی، هیچ چاوەڕوانییەکی لەو پیاوە و هیچ پیاوێکی تر نییە، تەنانەت ئەو پارەیەی کە دەشینێرێتەوە  تەنیا بۆ منداڵەکانی خەرج دەکەم و بۆخۆم زۆر لەوە گەورەترم تەنازوول بۆ یەک دیناری پیاوێک بکەم، پارە و ژیانی لە دووریی خێزانەکەی هەڵبژاردووە.

نایشارێتەوە بەهیچ شێوەیەک هیوا بەوە ناخوازێت جارێکی تر لەگەڵ جەلیل بژی. ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک پیاو لە باوەشی خێزانەکەی ڕادەکات و بەدوای زۆر شتی ماددی تر دەکەوێت، شایەنی ئەوە نییە دووبارە لەخۆی بگرێتەوە و باوەشی بۆ بكاته‌وه‌، باس لەوەش دەکات، ئەگەر هەموو ژنێک فێربێت خۆی خاوەنی خۆی بێت و لەناو دواکەوتوویی بیر و کولتووری خیزان و بنەماڵەکەیدا خۆیی و بوونی خۆیی ون نەکات، ئەوکات پیاوانیش سنوورێک بۆ ئەو کارانەیان دادەنێن کە تەنیا بە مێشکی خۆیاندا دێت.

پێوەندیی دیلان و هاوسەرەکەی تەنیا منداڵەکانیانە. دیلان پێوەندیی خۆی و منداڵەکانی لەگەڵ جەلیل باس دەکات و دەڵێت تا ماوەی سێ مانگ من بەردەوام لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئاگاداری بووم، بەڵام کە بۆم دەرکەوت لەوێ جگە لەکار خەریکی زۆرشتی تره‌، لەگەڵ ئافرەتی بێگانەدا ده‌ستی تێكه‌ڵ كردووه‌، هەمووشتێکم لە دڵی خۆم سڕییەوە، داوای جیابوونه‌وه‌م کرد، بەڵام ماڵی باوکم هەر زوو دەمیان داخستم. هەوڵم دا ئێمەش ببات بۆ ئەوەی خێزانەکەم تێک نەچێت بەڵام ڕازی نەبوو زۆر بە توندی ڕەتی کردەوە، بۆیە لەو کاتەوە تەنیا پەیوەندیمان لەڕیگەی منداڵەکانە کە ڕۆژانە قسەیان لەگەڵ دەکات و مانگانە پارەیان بۆ دەنێرێتەوە.

کۆتا قسه‌ی دیلان ئەوە بوو، من لەگەڵ هەر چوار منداڵەکەم دوور لەماڵی باوکم و خەسووم دەژیم، پەنجەیەکی منداڵەکانم بە دنیا نادەم، ئاسودەی ئەوان هەموو خۆشی منە، زۆرشتم ڕوو بەڕوو بۆتەوە لەسەرووی هەمووی قسەی خەڵکيیە، بەڵام کەرامەتی من وەک ژن لەسەرووی هەموو شتێکە، بۆیە داوا لەهەموو ژنێک دەکەم هەرگیس لەبەردەم  ناپاکی و نابەرپرسیاری و بێباکی پیاودا مەچەمێنە وە و بۆڕەزامەندی هەمووشتێک قبوڵ مەکەن، چونکە لەکۆتاییدا دەبێت بیسەلمێنین ئێمەی ژن بێ ئەوانیش زۆرگەورەین و دەتوانین باشتر بەردەوامبین لەژیان.

وشه‌/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان


وشە - وشه‌