هەواڵگری هۆڵەندا..ژنە چەكدارەكانی داعش گەورەترین مەترسین

:: AM:08:48:18/11/2017 ‌
دەزگەی هەواڵگری هۆڵەند هۆشداری دایە وڵاتان لەبارەی ژنە چەكدارەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، كە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆلیان زیاتر دەبێ و لە داهاتوو دەبنە هەڕەشەی مەترسیدار بۆ سەر ناوچەكە و درێژە بە كردەی تیرۆر و توندوتیژی دەدەن.

لە ڕاپۆرتێكی دەزگەی هەواڵگری هۆڵەندا هاتووە، ڕۆڵی ژن لە گرووپە تیرۆریستییەكان هیچ كەمتر نییە لە هی پیاوان، ئەوانیش وەك پیاوان پابەندن بە ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی و خوكوژی، ئەمەیش دەبێتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر هۆڵەندا و وڵاتانی تر.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، ئەو  ژنە تیرۆریستانەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كە تەمەنیان لە خوار 30 ساڵییەوە، دەتوانن وەك پیاوان چەك هەڵبگرن و بەكاری بهێنن و بەشداری شەڕ و كردە تیرۆریستییەكانیان بكەن.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە، هەرچەندە دەگوترێ كە ژنەكانی ژێر دەسەڵاتی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە پێناوی خۆشەویستی چوونەتە ناوچەكانی داعش و دواتر هەڵەكانیان بۆ ڕوون بووەتەوە و دەیانەوێ ڕابكەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان زۆرترین چالاكی توندوتیژیان هەیە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش چالاكیان زیاتر دەبێ، ئەمەیش بەهۆی شكستە زۆرەكانی داعش و كەمبوونەوەی چەكداری پیاو لە ڕیزەكانیان، بۆیە ڕۆڵی ژن فرەوانتر بووە و بەردەوامیش هەوڵی كێشكردنی ژنان بۆ ڕیزەكانی تیرۆریستان دەدرێ.

لە كۆتای ڕاپۆرتەكە هاتووە، 280 هەڵگری ڕەگەزنامەی هۆڵەندا لە ڕیزی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدان و 45یان گەڕاونەتەوە و 45ی تریشیان كوژراون و 190 تریشیان تا ئێستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە كۆی گشتی ڕێژەكەیش سێیەكیان ژنن.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د