بەیانی ئەمڕۆ شەموو ژێردەریاییەكی جەنگی وڵاتی ئەرجەنتین لەگەڵ 44 سەرنشینەوە لە ئاوەكانی باشووری زەریای ئەتڵەسی، ون بووە و تا ئێستەیش چارەنووسی دیار نییە و هێزەكانی وڵاتەكەیش لە ئاوەكانی ناوچەكە دەستیان بە هەڵمەتی چڕی گەڕان بە دوای چارەنووسی ژێردەریایییەكە و تیمەكەی كردووە.
ئەو ژێردەریایییە ناوی "سان خوان" بووە و لە باشووری دەریای ئەرجەنتین و بە دووری 432 كیلۆمەتر لە كەناراوی باتاگۆنیا دوا شوێنی بووە كە ڕادارەكان ئاگەداری بوون و پێوەندییان لەگەڵی هەبووە، ئەمەیش دوو ڕۆژ پێش ئێستە بووە.
گوتەبێژ بەناوی هێزی دەریایی ئەرجەنتین ئاتریك بالبی بە میدیاكانی ڕاگەیاند، كاتێك هیچ پێوەندییەك لە نێوان ژێردەریایییەكە "غەواسە" كە لەگەڵ وشكانی نەما، لەو باوەڕەدا بووین گەڕاوەتەوە سەر وشكانی، بۆیە بە وردی چاودێریمان دەكرد لە ڕێی ڕادارەكانەوە، بەڵام تا ئێستەیش دەرنەكەوتەوە، بۆیە دەستمان بە هەڵمەتی چڕی بەدواگەڕان كردووە.
هێزە دەریایییەكانی ئەرجەنتین لە ئاسمان و دەریاوە دەستیان بە هەڵمەتی گەڕان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو ژێردەریایییە كردووە و وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین بڵاوی كردەوە، كە هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و چیلی هاوكاری لۆجستییان پێشكەش كردوون، بە ئامانجی دۆزینەوەی ژێردەریایییەكە.
بالبی گوتی، چەند ڕۆژێك پێش ئێستە ژێردەریایییەكە شاری ئوشوایای باشووری ئەرجەنتینی بەجێ هێشتووە و بەرەو شاری مار دیل بلاتای وڵاتەكەمان ڕۆیشتووە، خۆراكی پێویستیان پێ بووە و بەردەوام لە پێوەندی و لە بەرچاوی ڕادارەكاندا بوون.