سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەموو، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٦.٧ بە پێوانەی ریختەر پارێزگای سیچوان لە باشووری رۆژئاوای چین رووی دا و بەشێك لە ناوچەی تبتی هەژاند.
رۆیتەرز بڵاوی كردەوە كە هێشتا هیچ ئامارێك لەبارەی زیانەكانی ئەم بوومەلەرزەیە بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بوومەلەرزەكە بەهێز بووە پیشبینی دەكرێت زیانی گەورەی لێ بكەوێتەوە.
دوایین بوومەلەرزە كە لەم پارێزگایەی چین رووی دابێت، بۆ ساڵی ٢٠٠٨ دەگەڕێتەوە كە بە گوڕی حەوت بە پێوانەی ریختەر بوو و بە هۆیەوە ٧٠ هەزار كەس گیانیان لە دەست دا.
لە ١٢ی ئەم مانگەش بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٤ لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان رووی دا كە زیانەكانی زیاتر بەر پارێزگای كرماشان كەوت و بە هۆیەوە سەرووی ٥٠٠ كەس گیانیان لە دەست دا و نزیكەی ١٠ هەزار كەسیش بریندار بوون.
خەریكە هەفتەیەك بەسەر بوومەلەرزەكەی كرماشان تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا بەشێك لە خەڵكەكەی ناوێرن بۆ ماڵەكانیان بگەڕێنەوە و تیمەكانی فریاكەوتنی حكوومەتی ئێرانیش نەیانتوانیوە بەسەر دۆخەكەدا زاڵ بن و یارمەتی بە دەستی زیان لێكەوتووان بگەیەنن. ئەوەی یارمەتیدەری سەرەكیی لێقەوماوانە، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە لە هەموو شار و گوندێك كەمپەینی كۆكردنەوەی یارمەتییان راگەیاندووە.