ژماره‌یه‌كى زۆرى له قوتابی و مامۆستا له شارۆكه‌ى خورماتوو و شارى كه‌ركووك، ئاواره‌ى شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوونه و چاره‌نووسی ئه‌مساڵی خوێندن 2017-2018یان نادیاره. به‌ڵام له خورماتوو به‌هۆی خیانه‌تی 16ـى ئۆكتۆبه‌ر، خوێندنى كوردى به‌ته‌واوى كۆتای پێ هات و سه‌رجه‌م مامۆستایان شارۆكه‌كه‌یان جێ هێشت.
شاخه‌وان سه‌عید كاكه كه باوكى دوو قوتابییه به‌ناوه‌كانی "كوردستان و ئه‌مه‌ل" به‌هۆی خیانه‌ته‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه ئاواره‌ی هه‌ولێر بووه و دوو قوتابییه‌كه‌ى له یه‌كێك له قوتابخانه‌كان ناونووس كردووه بۆ خوێندن. به‌گوته‌ى خۆى، "خوێندنى هه‌رێمى كوردستان و سنوورى خورماتوو له هه‌ندێك بابه‌تدا جیاوازییان هه‌یه".
باوكى كوردستان و ئه‌مه‌ل له "وشه"وه سوپاسى قوتابخانه‌كانى هه‌ولێر ده‌كات كه به‌بێ هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك كوردستانیان وه‌رگرت له قوتابخانه‌كه‌یان و ئه‌مه‌لیش بۆ قۆناغى سێ چووه قوتابخانه به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌ك.
به گوته‌ى شاخه‌وان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خوێندنى كوردى له كه‌ركووك كه به‌هه‌مان هۆی ئه‌و، شاره‌كه‌یان جێ هێشتووه، ئێسته له هه‌ولێر كاری قوتابییانی خوێندنی كوردی رایی ده‌كه‌ن و قوتابییه‌كانیان ده‌چنه‌وه به‌ر خوێندن. شاخه‌وان ده‌ڵێ "ته‌نیا به‌هۆى جیاوازى هه‌ندێك له وانه‌كان كێشه بۆ ئه‌مه‌ل دروست بووه، ئه‌گه‌ر نا رێوشوێنه‌كانی وه‌رگرتنیان له قوتابخانه به باشی ده‌ڕۆن".
ئه‌مه ته‌نیا كێشه نییه كه رووبه‌ڕووی ئاواره‌كانی كه‌ركووك بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو به‌شێك له‌وان هه‌ر ئاگادار نین به‌شی خوێندنی كوردی خۆیشی ئاواره بووه، بۆیه دۆش داماون به دیار چاره‌نووسی منداڵه‌كانیان كه قوتابخانه‌یان جێ هێشتووه.
شێركۆ باوكی دوو قوتابییه كه یه‌كیان له پۆلی 12 و ئه‌ویتر له حه‌وت ده‌یانخوێند له كه‌ركووك، به‌ڵام ئێسته كه مانگێكی قوتابخانه رۆیشتووه له هه‌ولێر دانیشتوون و جیا له خه‌می جێهێشتنی ماڵه‌كه‌یان، داهاتووی قوتابییه‌كانیشیان هێنده‌ی تر خه‌مباری كردوون.
شێركۆ كه ئه‌فسه‌ری پێشمه‌رگه‌یه نازانێ روو له كوێ بكات، بۆیه وه‌ك خۆی به "وشه"ی راگه‌یاند، سبه‌ی ده‌چێت بۆ بنه‌سڵاوه به‌و هیوایه‌ی خانوویه‌كی كرێی ده‌ست بكه‌وێت و دوو منداڵه‌كه‌یشی له قوتابخانه وه‌ربگیرێن، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، "چووینه قوتابخانه‌یه‌ك له هه‌ولێر رازی نه‌بوون قوتابییه‌كان به فه‌رمی وه‌ربگرن، به‌ڵكو گوتیان وه‌ك گوێگر ده‌توانن له پۆلدا ئاماده بن".
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان ئاشكراى ده‌كات كه ئێسته سه‌رجه‌م ئه‌و مامۆستایانه‌ى ئاواره بوون و له شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستانن، خه‌ریكى ناونووسكردنیانین و له ماوه‌یه‌كى كورتدا له ئه‌گه‌رى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى دۆخێكى گونجاو بۆ خوێندن له شوێنه‌كانی خۆیان، ئه‌وا بێگومان له هه‌رێمى كوردستان ده‌بن به وانه‌بێژ له قوتابخانه‌كان.
گه‌رمیانی بۆ "وشه" ده‌ڵێت، "له دواى ڕووداوه‌كانى 16ـى ئۆكتۆبه‌ر، وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌رگه‌ى كرده‌وه بۆ سه‌رجه‌م قوتابییانى ئاواره‌ى شاره‌كانى تر و ڕێكخستنه‌وه‌ى كاره‌كان بۆ مامۆستا و قوتابییان، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆى ئه‌و ڕووداوانه، خوێندنى كوردى به‌ته‌واوى له خورماتوو كۆتای پێ هات و هیچ شتێك نه‌ماوه‌ته‌وه به‌ناوى خوێندنى كوردى له‌و شارۆكه‌یه، چونكه 700 مامۆستا هه‌بوو هه‌ر هه‌موویان ئاواره بوون بۆ شاره‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى".
"ڕووداوه‌كه‌ى كه‌ركووك و ده‌وروبه‌رى واى كردووه هه‌زار و 500 مامۆستاى كه‌ركووك و سێ هه‌زار مامۆستاى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و 30 هه‌زار قوتابى ئاواره‌ى كوردستان بن. پرۆسه‌كه هێشتا به‌رده‌وامه و ژماره‌كان له زیادبوونه". گه‌رمیانى وا ده‌ڵێت.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رى خوێندنى كوردى له كه‌ركووك، له‌باره‌ی هاوكاریی رێكخراو و ئاژانسه‌كانی سه‌ربه یونسێف بۆ دۆخه‌كه داسه‌پاوه‌كه‌یان ئاشكراى ده‌كات، هاوكارى UN بۆ ئێمه نییه و ئه‌گه‌ر ناتوانن پێداویستى خوێندن دابین بكه‌ن بۆمان، ئه‌وا با هه‌ندێك توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تیمان بۆ دابین بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى ده‌روونى قوتابییان.
شێرزاد ڕه‌شید به‌ڕێوه‌به‌رى خوێندنى كوردى له كه‌ركووك، به"وشه"ی راگه‌یاند "به‌داخه‌وه بۆ ئه‌و دۆخه‌ى هه‌یه، واى كردووه ئێسته مامۆستایان خراپ بژین، چونكه به‌شێك له مامۆستایان هێشتا له هه‌وڵى دابینكردنى شوێنێكى نیشته‌جێبووندان، بۆیه ئاماده نین بچنه هۆڵه‌كانى خوێندن".
ئه‌و به‌رپرسه‌ى خوێندنى كه‌ركووك كه خۆیشی ئاواره‌ی هه‌ولێر بووه، ئاشكراى ده‌كات "ناونووسین ده‌ستى پێ كردووه ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا دواى ماوه‌یه‌كى تر مامۆستایان به‌سه‌ر قوتابخانه‌كانی كوردستاندا دابه‌ش ده‌كه‌ین و پرۆسه‌ى خوێندن له هه‌رێم درێژه پێ ده‌ده‌ین و كارئاسانى زۆر كراوه بۆ قوتابییان و مامۆستایان".
ئه‌و به‌پرسه په‌روه‌رده‌یییه نیگه‌رانه له‌وه‌ی ره‌نجی 14 ساڵ كاركردنیان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندنی كوردی له كه‌ركووك خه‌ریكه به فیڕۆ ده‌چێت، دوای ئه‌وه‌ی 35 ساڵ حوكمی سه‌دام خوێندنی قه‌ده‌غه كرد و ئه‌مان زیندوویان كرده‌وه. دووپاتی كرده‌وه "به‌داخه‌وه له دواى ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عس، خوێندنى كوردیمان له كه‌ركووك له 15 قوتابخانه‌وه به‌رز كرده‌وه بۆ 560 قوتابخانه و نزیكه‌ى 106 هه‌زار قوتابى، به‌ڵام خه‌ریكه زۆر شت له ده‌ست ده‌ده‌ین".