بزووتنەوە گەندەڵییەكی یەكێتی ئاشكرا دەكات

:: AM:09:51:18/11/2017 ‌

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی نهێنییەكی یەكێتی ئاشكرا دەكات و دەڵێ، پێنج ساڵ لەمەوبەر بەناوی ژنی شاخ مووچەیان بۆ ژنان دەبڕییەوە، بەڵام لەسەر حیسابی نەخۆش و كەمئەندامان مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتییان پێ دەدان، دەشپرسێ ئەمە چ ویژدانێكە مووچەی كەمئەندامان و نەخۆشان بۆ خەڵكی تر دەبڕێتەوە.

مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان لە ئەكاونتی فەرمی خۆی نووسیویەتی، پێنج ساڵ پێش ئێستە مقۆمقۆی خەباتی شاخی ژنان بڵاو بووەوە و چەند ژنێكی دێرینی خۆمان هاتنە لام و گوتیان ئەوە ناسراوی یەكێتیمان هەن، داوای تەسكەرە و ڕەسممان لێ دەكەن و دەڵێن خەباتی شاختان بۆ دەكەین و مووچەی خەباتی شاخ هەیە، بۆچی ئێوە خۆتان بۆمان ناكەن، چەند جارێك خۆیشم ئەوەم لە دراوسێكان گوێ لێ بوو، كە مووچەی خەباتی شاخیان بۆ دەبڕێتەوە و ئیشەكەیشیان تەنیا ئەوەیە لە كاتی دەنگدان، دەبێ دەنگ بە لایەنەكە بدەن، منیش هەوڵەكانی خۆم چڕ كردەوە و هەندێك دیدارمان كرد و لە كۆتادا وەڵامیان بۆ ناردین كە دوو هەزار فۆڕممان بۆ دەنێرن، منیش بە پلەبەندی لقەكانی خۆمانم كۆ كردەوە و ئاگەدارم كردن كە تەنیا ئەو ژنانە بنووسن كە لە شاخ و ئۆردوگاكان ڕۆڵیان بینیوە.

هەروەها نووسیویەتی، ئەگەر ئێستە داشنیشتوون یان كۆمەڵن گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە خاوەنی ئەو خەباتە بن كە بۆیان دەكرێ، یەكەم كاروانی فۆڕمەكان پڕ كرانەوە و چوون بۆ چاوپێكەوتن، كە هاتنەوە سەرمان سوڕما لەو پرسیارانەی لێیان كرابوو، كوێتان دێشێ و چەند ساڵە نەخۆشن.. هتد.

لە بەشێكی تری نووسینەكە ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێ، لیژنەكەمان ئاگەدار كردەوە، كە ئەو فۆڕمەمان بۆ بێنن تا سەیری بكەین كە بۆ ئەندامەكانمان پڕ كراوەتەوە، كە بینیمان دەرچوو فۆڕمی چاودێری كۆمەڵایەتییە بۆ كەمئەندام و نەخۆشیی درێژخایەن، كراوەتە شابان بۆ ئەندامەكانیان و كڕینی دەنگ، بۆیە دەسبەجێ كاك عیرفان ڕابەڕی گشتیی بزووتنەوە بڕیاری دا فایلەكان بهێنرێنەوە و گوتی حەرامە و شتی وا قبووڵ ناكەین، نوێنەری نارد بۆ وەرگرتنەوەی فایلەكان و ڕەتی فۆڕمەكانمان كردەوە و گوتمان نامانەوێ، ئێمە وامانزانی پشكێكی تایبەت هەیە بەناوی ژنی شاخ، ئەگەر نییە ژنانی ئێمە ئەوەیان ناوێ، كابرا دەیگوت بۆ حەرامە ژن هەیە نەخۆش نەبێ و سەری نەیەشێ و شەكرە و پەستانی خوێن نەبێ، باشە بە چ ویژدانێك پارەی نەخۆش و كەمئەندام لە كۆمیتەی حزبەوە بەسەر ئەندامان بەناوی خەباتی شاخ دابەش دەكرێ؟ ژنانی شاخ مافی خۆیەتی وەك پیاوان مووچەی خەباتی شاخ وەربگرن، نەك لەسەر حیسابی داماوترین چینی میلەت و چاودێری كۆمەڵایەتی نەخۆش و كەمئەندامانی بێ چارە وەربگرن، ئەو وڵاتە بە گەندەڵی تەنراوە و ڕەگوڕیشەی داكوتاوە، ڕیشەكێشكردنی ئەستەمە.

ئەو قسانەی ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوە ئاراستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و زانیارییەكانیش هێما بۆ ئەوە دەكەن، زۆرینەی ڕەهای بندیواران و مووچەی بە هەدەردراو بۆ خەڵك بڕاوەتەوە، تا تەنیا دەنگ بە یەكێتی بدەن لە هەڵبژاردنەكان دا.




وشە - باز ئه‌حمه‌د