70%ی كارگەكانی سەرپێڵی زەهاو بە هۆی بوومەلەرزە وێران بوون

:: AM:10:31:18/11/2017 ‌

عەبدولوەهاب سەهلئابادی سەرۆكی ژووری پیشەسازی و كانەكانی ئێران ئاشكرای كرد، سەرووی ٧٠%ی كارگەكانی سەرپێڵی زەهاو بە هۆی بوومەلەرزە رووخاون.

بەگوێرەی "رادیۆ زەمانێ" ئەو بەرپرسە گوتوویەتی ژمارەی كارگەكانی سەرپێڵی زەهاو بریتی بوو لە ٩٠ كارگەی پیشەسازی و جگە لە وێرانبوونی ٧٠%ی ئەو كارگانە، لە یەكێك لە ناوچە پیشەسازییەكانیش چوار كەس مردوون و شەشی تر بریندار بوون.

زیانەكانی ناوچە پیشەسازییەكان زیاتر مادی بوون، چونكە بوومەلەرزە لە كاتێكدا رووی داوە كە زۆرینەیان داخرابوون.

 لە ١٢ی ئەم مانگە بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٤ لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان رووی دا كە زیانەكانی زیاتر بەر پارێزگای كرماشان كەوت و بە هۆیەوە سەرووی ٥٠٠ كەس گیانیان لە دەست دا و نزیكەی ١٠ هەزار كەسیش بریندار بوون.

خەریكە هەفتەیەك بەسەر بوومەلەرزەكەی كرماشان تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا بەشێك لە خەڵكەكەی ناوێرن بۆ ماڵەكانیان بگەڕێنەوە و تیمەكانی فریاكەوتنی حكوومەتی ئێرانیش نەیانتوانیوە بەسەر دۆخەكەدا زاڵ بن و یارمەتی بە دەستی زیان لێكەوتووان بگەیەنن. ئەوەی یارمەتیدەری سەرەكیی لێقەوماوانە، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە لە هەموو شار و گوندێك كەمپەینی كۆكردنەوەی یارمەتییان راگەیاندووە.




وشە - سلێمان تاشان