هەزاران عێراقی چاوەڕێی ونبووەكانیان دەكەن
لە 2003 تا ئێستە 120 گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە

:: AM:10:50:18/11/2017 ‌
بەرپرسێكی عێراقی ئاشكرای كرد، لە 2003ەوە تا ئێستە 120 گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە و زۆرینەشیان لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە و داعشەوە ئەنجام دراون، دوا گۆڕی بە كۆمەڵێش لە هەفتەی ڕابردوو لە شارۆكەی حەویجەی باشووری ڕۆژئاوای كەركووك دۆزرایەوە.

زیا‌و كەریم بەرپرسی فەرمانگەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە دامەزراوەی "شوهەدا"ی حكوومەتی عێراق بە "قودس عەرەبی" ڕاگەیاند، دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی حەویجە، دەبێتە 120 گۆڕی بە كۆمەڵ كە لە دوای 2003ەوە لە عێراق دۆزراونەتەوە، زۆرینەی ڕەهای ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەیش، ئەو كەسانەی لێی نێژراون لەلایەن تیرۆریستانی قاعیدە و دواتریش داعش، كوژراون و خراونەتە ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانەوە.

ئەو بەرپرسە هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ژمارەیەكی كەمی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانە بۆ پێش هاتنی داعش بۆ عێراق دەگەڕێنەوە، ئەوانەی تری سەرجەمیان لە دوای هاتنی داعش و ڕزگاركردنەوەی ناوچەكان لە تیرۆریستان دۆزراونەتەوە، زۆربەی هەرە زۆری گۆڕە بە كۆمەڵەكانیش لە پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین و كەركووك و ئەنبارن. حكوومەتی عێراقیش تا ئێستە تەنیا 25 لەو گۆڕانەی هەڵداوەتەوە، بەهۆی تەنگژەی دارایی نەتوانراوە هەمووان هەڵبدرێنەوە و پكشنینی دی ئێن ئەیان بۆ بكرێ و بناسرێنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان تا ئێستە سەرەڕای دۆزینەوەی 120 گۆڕی بە كۆمەڵ، بەڵام سەدان كەسی تریش بێسەروشوێنن و هیچ سۆراخێكیان نییە، پێشبینی دەكرێ بە شێك لەو خەڵكە ونبووانەیش لە گۆڕی تری بە كۆمەڵ نێژرابن، بۆیە كەسوكارەكانیان ڕازین ئێسك و پرووسكی ونبووەكانیش وەربگرنەوە، نەك هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەواندا بن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د