ئیسپانیا هەڕەشەی داخستنی یاریگەی كامپ نوو دەكات

:: AM:11:34:18/11/2017 ‌

سەرۆكی یەكەتی خولی ئیسپانی هەڕەشەی داخستنی یاریگەی كامپ نووی لە یانەی بەرشەلۆنە كرد لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی سوكایەتیكردن بە ئیسپانیا لەلایەن هاندەرانی كەتەلۆنیاوە.

هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە لە دوایین یاریی خولی ئیسپانیادا بەرامبەر یانەی سڤیلییە، لەنێ, یاریگەی كامپ نوو پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كەتەلۆنیا دووپات كردبووەوە و هەروەها بە فیكە و هەڵواسینی دروشم سوكایەتییان بە ئیسپانیا كردبوو.

لەمبارەیەوە خافیێر تیپاسی سەرۆكی یەكەتیی خولی ئیسپانیا رایگەیاند: ئازادی رادەربڕین بۆ هەموو كەسێك فەراهمە و هیچ كەسێك ناتوانێ رێگە لە هاندەرانی یاریگەی كامپ نوو بگرێ بۆ داواكردنی سەربەخۆیی هەرێمی كەتەلۆنیا، بەڵام سوكایەتیكردن بە ئیسپانیا قەدەغەیە.

زیاتر گوتی: چیتر ناتوانین لەو سوكایەتییانەی نێو یاریگەی كامپ نوو بەرامبەر ئیسپانیا بەتایبەت لە یارییەكەی بەرامبەر سڤیلییە بێدەنگ بین، هەروەها دەتوانین یاریگەی كامپ نوو بەیەكجاری دابخەین ئەگەر لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەو سوكایەتییانە بە هەند وەربگرێ.

سەرۆكی یەكەتیی خولی ئیسپانیا داواشی لە جۆزیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە كرد سنوورێك بۆ ئەو سوكایەتییانە لەنێو یاریگەی كامپ نوو دابنێت بە پێچەوانەشەوە ناچار دەبن بەیەكجاری یاریگەكە دابخەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م