ته‌عریب به‌ چڕی ده‌ستی پێ كردووه‌
لە جەبارە 100 پارچە زەوی بە سەرە عەرەب و میلیشیاكان دابەش كرا

:: PM:12:07:18/11/2017 ‌
لە شارەدێی جەبارەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و عەرەبی هاوردە بە ڕەزامەندی وەرگرتن لە پارێزگای دیالە دەستیان بە دابەشكردنی زەوی كردووە و تا ئێستە 100 پارچە زەوی بەسەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و عەرەبەكانی شارەدێكە دابەش كراوە.

هەمزە حەسەن هاووڵاتییەكی كوردی شارەدێی جەبارە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ناونووسین و زەوی دابەشكردن لە جەبارە بە چڕی دەستی پێ كردووە و عەرەب و میلیشیاكان سوودمەندی ئەو پرۆسەیەن و مامەڵەیان بۆ دەكرێ و بە ئاسانی لە باقووبەی ناوەندی پارێزگای دیالە كارەكانیان ڕایی دەكەن.

كەمال ئیبراهیم بەرپرسی لیژنەی ناوچەی جەبارە بۆ "وشە" گوتی، پێشتر هەوڵێك هەبوو لە شارەوانییەكانی دیالە بۆ دابەشكردنی زەوی لە تەواوی ناوچەكانی پارێزگاكە، بەڵام دواتر وەستێنرا، ئێستە بەهۆی هاتنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، زەوی دابەشكردن و ناونووسین بۆ زەوی وەرگرتن دەستی پێ كردووە و كورد لەو پرۆسەیە پشكی نییە و تەنیا عەرەب و میلیشیاكان ئەو زەوییانە وەردەگرن.

عارف عادل بەڕێوەبەری شارەدێی جەبارە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوان لە دیالەوە ڕەزامەندی دابەشكردنی زەوییان هێناوە، بە داخەوە نەمانتوانی ڕێ لە پرۆسەكە بگرین، یا لە ڕێی ئێمەوە وەك بەرپرسی یەكەی كارگێڕی كارەكە جێبەجێ بكرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لە سەرچاوەیەكی تایبەتی شارەدێی جەبارەوە دەستی كەوتووە، تا ئێستە میلیشیاكان و عەرەبی ناوچەكە 100 پارچە زەوییان بەسەر دابەش كراوە و پرۆسەی زەوی دابەشكردن و ناونووسین بەردەوامی هەیە، ئەمەیش وەك بەشێك لە پرۆسەی بە عەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكان بە چڕی دەستی پێ كردووە.

ڕۆژی 16ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای ناپاكی گرووپێكی ناو حزبێكی كوردستان، پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان فەرمانی پاشەكشێ پێكردنی دەركرا، بەوهۆیەوە كەركووك و خورماتوو و ناوچە كوردستانییەكان كەوتنە دەست میلیشیاكان و پاسداری ئێران، لەو كاتەوەیش تا ئێستە هەڵمەتی ڕووخاندن و سووتاندنی ماڵی كورد و دزی و تاڵانی لەو ناوچانە بەردەوامی هەیە و بە چڕی عەرەبیش بۆ ئەو ناوچانە دەهێنرێ و پرۆسەی بە عەرەبكردن دەستی پێ كردووەتەوە.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د