یارییە ناودەوڵەتییەكان زەرەری زیاتر بۆ بەرشەلۆنە هەبوو یان ریال مەدرید

:: PM:12:24:18/11/2017 ‌

یارییە ناودەوڵەتییەكانی ئەم دواییەی هەڵبژاردەكان زەرەری زیاتر لە یانەی بەرشەلۆنە دا نەك یانەی ریال مەدرید.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە لە یارییە ناودەوڵەتییەكانی ئەم دواییەدا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان ماوەی 1.834 خولەك یارییان كرد، لەبەرامبەر یاریزانانی یانەی ریال مەدرید 1.721 خولەك یارییان كردبوو.

پێنج یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە كە پێكهاتبوون لە راكیتیچ، سیلیسن، ماسكیڕانۆ، ئۆمتیتی 180 خولەكی تەواو لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان یارییان كردبوو، لەبەرامبەردا تەنیا دوو یاریزانی یانەی ریال مەدرید (ڤاییخۆ و كاسیمیڕۆ) 180 خولەك یارییان كردبوو.

ژمارەی یارییە ناودەوڵەتییەكانی یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە برێتی بوون لە 16 یاریی، لەبەرامبەردا یاریزانانی یانەی ریال مەدرید تەنیا 13 یارییان ئەنجامدابوو.

لەو یارییە ناودەوڵەتییانەدا خافیێر ماسكیڕانۆی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یارییە هەڤاڵینییەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی نێجیریا تووشی پێكانی ماسوولكەكانی هات و بەهۆیەوە ماوەی مانگێك لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.

لەبەرامبەریشدا ئیسكۆی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید لە یارییە ناودەوڵەتییەكاندا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر هەڵبژاردەی كۆستاریكا تووشی پێكان بوو و چاوەڕوانیش دەكرێ لە یاریی دێربی شاری مەدرید یاری بكات كە بڕیارە ئەمڕۆ شەموو بەڕێوە دەچێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م