بوومەلەرزەی كرماشان سنووری جیوگرافیای رۆژهەڵاتی كوردستانی نەخشاند

:: PM:02:24:18/11/2017 ‌

بوومەلەرزەی كرماشان سەرەڕای ئەوەی كە كارەساتێكی سروشتی بوو كە بەسەر خەڵكی كرماشان هات لە هەمان كاتدا دەرەنجامەكانی ئەو بوومەلەرزەیە كۆمەڵێك راستیی حاشاهەڵنەگری ئاشكرا كرد، ئەوەی دوای ئەو كارەساتە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەبینرێت، خەریكە خەمی لەدەستدانی سەدان هاووڵاتی كوردمان لەبیر دەباتەوە. یەكێتی خەڵك بۆ ئامانجێكی هاوبەش ئەویش یارمەتیدانی هاونیشتمانان، نیشتمانێك كە نەخشەكەی لەسەر نەخشەی سیاسی نییە، بەڵام لە ناو دڵی هەموو تاكێكی كورددایە.

كارەساتە سروشتییەكەی كرماشان دووبارە خەڵكی رۆژهەڵاتی یەكگرتوو كرد ئەوان بە هەنگاوەكانیان بۆ فریاكەوتنی خوشك و براكانیان لە كرماشان هەموو ئێرانیان سەرسام كردووە، حكوومەتی ئێران كە لە دوو رۆژی یەكەمی كارەساتەكە ئەركی سەرشانی بوو یارمەتی لێقەوماوان بدات، بە دۆڕاوی لە مەیدانەكە هاتووەتە دەرەوە و بۆ خەڵكی كرماشانیش ئەوە سەلمێنرا حكوومەتی ئێران ئەوەی دەیكات تەنیا قسەی میدیا و بەرپرسەكانیانە كە تەنیا خۆی پێ هەڵدەكێشن و لە پراكتیكدا هیچ شتێكیان لەباردا نییە پێشكەشی خەڵكی لێقەوماوی بكەن. یارمەتییەكانی ئێران بۆ خەڵكی ناوخۆی نییە، بەڵكو بۆ ئەو خەڵكەیە كە لە وڵاتانی تر كەوتوونەتە داوی سیاسەتە پاوانخوازییەكانی ئێران.

حكوومەتی ئێران ئەو دەرفەتە زێڕینەی لە دەست چوو تا لانی كەم بۆ كرماشانییەكان بیسەلمێنێت خەڵك و حكوومەت متمانەیان بە یەكتر هەیە، بەڵام وا دەرنەچوو، ئەوان پێشتریش راستیان بیر دەكردەوە و حكوومەتی ئێران هیی ئەوە نییە متمانەی پێ بكرێت و تەنیا بە درۆ دەیەوێت خەڵك لەسەر سندووقەكانی دەنگدان كۆ بكاتەوە و دنیای دەرەوەی پێ هەڵخەڵەتێنێت.

بەردەوام میدیاكانی ئێران باس لەو قوربانییانە دەكەن كە خەڵكی كرماشان و ناوچە سنوورییەكانی رۆژئاوای ئێران لە كاتی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق چێشتوویانە، دەبوو لانی كەم ئێستە كە خەڵكی كرماشان پێویستییان بە یارمەتییە، رووخسارێكی جوانی خۆیان نیشان بدایە، بەڵام دەرچوو روخسارەكەی ئەوان هەر ناشیرینە و تەنیا بە فڵچەی میدیا و بەرپرسەكانی جوان كراوە.

خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەموو شار و شارۆكە و گوندێكەوە لە ماوەی چەند سەعاتێكدا بە هەزاران بارهەڵگریان پڕ لە شتومەك و پێداویستی كرد و بەرەو كرماشان ناردیان. ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان شەقامە سەرەكییەكانی نزیك ناوچە لێقەوماوەكانیان قەرەباڵغ كردووە و بڕی یارمەتییەكان ئەوەندە زۆرن رەنگە هەر ماڵێكی زیان لێكەوتوو، یەك بارهەڵگری بەربكەوێت.

ئێستە لە كرماشان ئەگەر دامەزراوەیەكی پسپۆڕ هەبووایە و یارمەتییەكانی خەڵكی بە دادپەروەرانە بە خەڵكی لێقەوماو بگەیاندایە، ئەوا كاریگەریی زۆر زیاتر دەبوو و یارمەتییەكان جێگەی خۆیان دەگرت. گرنگتر لە كۆكردنەوەی یارمەتی ئەوەیە بە مكانیزمێكی خێرا و باش جۆری یارمەتی بگاتە دەستی لێقەوماو، پێداویستی ژنان بە دەستی ژنان هی منداڵان بە دەستی منداڵان بگات.

لە ئێران دامەزراوەی مانگی سوور و چەندان دامەزراوەی تر هەن كە بەشی زۆریان سەر بە سوپای پاسدارانن و هەوڵ دەدەن دوای گەیشتنی بارهەڵگرەكان بە كرماشان خۆیان سەرپەرشتی دابەشكردنی یارمەتییەكان بكەن. حكوومەتی ئێران دەستی خەڵكی چالاكی و رێكخراوە ناحكوومییەكانی ئەوەندە واڵا نەكردووە دەرەتانی ئەوەیان پێ نادات چاودێری ئەم جۆرە كارانەیان پێ بسپێرێت و لەمەشدا سیاسەت دەكات. حكوومەت سوپای پاسدارانیان راسپاردووە یارمەتییەكانی خەڵك وەربگرێت و خۆی دابەشیان بكات.

گەورەترین كێشە لە بەردەم ئەم دابەشكارییە ئەوەیە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان هیچ متمانەیەكیان بە دامەزراوە حكوومی و سەربازییەكانی ئێران نییە. شوفێری بارهەڵگرەكان دەیانەوێت ئەو یارمەتییانەی لە شار و گوندەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆ كراونەتەوە، بە ئەمانەتەوە بەدەستی لێقەوماوان بگەیەنن. ئەوان لەوە دەترسن ئەگەر بارەكە رادەستی دامەزراوەكانی حكوومەت بكەن، ئەوا بەدەستی خەڵكی لێقەوماو نەگات و لە شوێنی تر كۆگە بكرێن وسەر لە  لبنان و یەمەن دەربهێنن.

رۆژهەڵاتی كوردستان لە پێنج پارێزگای ورمێ، سنە، كرماشان و ئیلام و لوڕستان پێك هاتووە. لە رووی ئاینی و مەزەوییەوە خەڵكی رۆژهەڵات بەسەر مەزەوەكانی شیعە و سوننە و چەندان ئاین و مەزەوی تری وەك یارسان پێك هاتوون، بەڵام ئەوەی هەمووی ئەو خەڵكەی لە دەوری یەكتر كۆ كردووەتەوە، كوردبوونیانە.

حكوومەتی ئێران هەر لە كاتی دامەزراندنیەوە هەموو هەوڵێكی ئەوە بووە ناكۆكی و دووبەرەكی بخاتە نێو پێكهاتە مەزەوییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و نەهێڵێت هەستی كوردایەتی و ناسیۆنالیستی، ئەوانە لە دەوری یەكتر كۆ بكاتەوە.

حكوومەتی ئێران هیچ كاتێك لەو سیاسەتەی سەركەوتوو نەبووە و كوردێكی سوننە كە لە مەهاباد دەژیت كاتێك كوردێكی شیعەی كرماشان لێی دەقەومێت، هەرگیز بیر لەوە ناكاتەوە ئەوە شیعەیە یان سوننە، بەڵكو كاتێك دەزانێت كوردە، هەست بە ئازار دەكات و هەموو هەوڵێك دەدات بتوانێت لە ئازارەكانی هاوخوێنی خۆی كەم بكاتەوە.

سنوورە جیوگرافییەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە لایەن حكوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە داگیر كراوە، لە كاتی شایی و شینەكان زیاتر خۆی دەنەخشێنێت و هەموو خەڵكی ئێران تێدەگات، پارچەیەكی دیاریكراوی وڵات لە جۆش و خرۆشدایە كە تایبەتمەندیی سەرەكییان كورد و كوردستانیبوونە.













وشە - سلێمان تاشان