لە سعوودیە هەڵمەتێكی تری گرتنی بەرپرسانی سەربازی دەستی پێ كرد

:: PM:05:02:18/11/2017 ‌

رۆژنامەی وال ستریت جورناڵی ئەمەریكی دەڵێت بەرپرسانی سعوودیە لەدرێژەی هەڵمەتی نەهێشتنی گەندەڵی ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی سەربازیی وڵاتیان گرتووە.

لەم دواییانە لیژنەیەكی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی لە سعوودیە دامەزراوە كە ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسان و شازادەكانی وڵاتی گرتووە. هەر لەو ماوەیەی لیژنەكە دامەزراوە چوار وەزیر، ١٠ شازادە و كۆمەڵێك بەرپرسی پێشووی وڵات بە تۆمەتی گەندەڵی قۆڵبەست كراون و هەژماری بانكیشیان داخراون.

محەمەد بن سەلمانی جێنشینی شای سعوودیە كە تەمەنی ٣٢ ساڵە سەرپەرشتی ئەو لیژنەیە دەكات و هەر خۆیشی دوو سەعات دوای دامەزراندنی، هەواڵەكەی بڵاو كردەوە.

بە گوتەی رۆژنامەكە نزیكەی ٢٠ فەرماندەی سەربازی و چەندان بازرگان لە چەند رۆژی رابردوودا گیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

بە گشتی ٢٠١ كەس گیراون و دوو هەزار هەژماری بانكیش داخراون و رێگە بە خاوەنەكانیان نادرێت سوود لە حسابەكانیان وەربگرن.

هەندێك سەرچاوە دەڵێن بەشێك لەوانەی گیراون لە بری ئازادبوونیان دەبێت برێكی زۆر لە سامانەكەیان بۆ حكوومەتی سعوودیە بگوازنەوە.




وشە - سلێمان تاشان