بە مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی هەرێمی كوردستان لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەری رابردوودا، ئەمڕۆ شەموو بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆك و زیاتر لە 80 ماموستای زانكۆ و كەسایەتی سیاسی و شارەزا و تایبەتمەندیی جیاواز، كۆڕبەندی كوردستان لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەر بەڕێوە چوو و لە سێ رووەوە پرسەكە تاوتوێ كرا.
فەهمی سەلمان، یەكێك لە بەشدارانی كۆڕبەندەكە بە "وشە"ی راگەیاند، كۆڕبەندی كوردستان دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەر، كۆڕبەندێكی شیكاری و شرۆڤەكارییە لەسەر هەموو سێكتەرەكانی چۆنیەتی داڕشتنی دەوڵەتی كوردستان، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەكی تۆكمە و بەهێز بنیات بنرێت.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆك و زیاتر لە 80 كەس كە مامۆستای زانكۆ و كەسایەتی سیاسی و ئابووری و پسپۆڕ و تایبەتمەند و ئەكادیمی لە سێ رووەوە تاوتوێی دوخی كوردستان لە دوای رووداوەكانی 16ی ئوكتوبەری رابردوو كرا، ئەوانیش لە رووی دۆخی ناوخۆیی و لە رووی دۆخی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و رووی سێیەمیش دوخی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
سەلمان روونی كردەوە، لەنێو بابەتەكاندا هەموو خاڵە لاواز و بەهێزەكان باس كران و بڕیاریشە لە رێگەی راپۆرتێكەوە هەموو ئەو وردەكارییانە بۆ لایەنی پێوەندیدار بەرز بكرێتەوە، بۆ ئەوەی باشتر تاوتوێ بكرێت و بخرێتە بەرنامەی كاری دەوڵەتی كوردستان لە دوارۆژدا.
لای خۆیەوە فەرهاد ئەترۆشی پارێزگاری دهۆك رای گەیاند، ئەنجامدانی كۆڕبەندی كوردستان دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەر، یەكێكە لە گرنگترین ئەو رێكارانەی كە پێویستە ئێستە بگیرێتە بەر و گوتی، پێویستە پێش ئەوەی كە كوردستان لە قۆناغێكەوە بچێتە قۆناغێكی ترەوە، هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەیەكی ورد لە هەموو روویەكەوە بۆ دۆخی كوردستان و ناوچەكە بكات بۆ ئەوەی كوردستانێكی سەركەوتوو و بنیات بنرێت و رووداوە نەخوازراوەكانیش دووبارە نەبنەوە.
پارێزگاری دهۆك ئاماژەی كرد، زۆر گرنگە لە هەرێمی كوردستان چەندان بنەمای هاوبەش هەبن بۆ ئەوەی بە پێی ئەو بنەمایانە كوردستانێكی یەكگرتوو و بەهێز دابمەزرێت، بە تایبەتی لە رووی سیاسی و ئابووری و یاساییەوە، لە پاڵ ئەوەشەوە راگەیاندنێكی تەندروست و بەهێزیش هەبێت، بە تایبەتی دەبێت راگەیاندنێكی كوردی بە زمانی عەرەبی زۆر بەهێز هەبێت بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی كوردستان وەك خۆی بگەیەنرێتە هەموو جیهان.
شایەنی باسە كۆڕبەندی ناوبراو لە هوتێل رێكسۆسی شاری دهۆك بەڕێوە دەچێت و چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت. شاری دهۆك دەكەوێتە 467 كیلۆمەتر لە باكوری بەغدا و یەكێكە لە پارێزگا نوێیەكانی هەرێمی كوردستان.
لە دوای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە عێراق لە 25ی سێپتێمبەری رابردوو، لە 16ی ئۆكتۆبەر هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی بە رێككەوتن لەگەڵ ژمارەیەكی فەرماندەی سەربازی هێزێكی سیاسی كوردستان، كۆنترۆڵی پارێزگای كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكانیان كرد و ئێستەش دەست كراوە بە تەعریبكردنی ئەو ناوچانە.
دهۆك/ نەوزاد هلۆری