22 بوومەلەرزە دەڤەری گەرمیان بەرەو رۆژهەڵاتی كوردستان دەهەژێنێت

:: PM:05:43:18/11/2017 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو جارێكی تر هاووڵاتییانی سنووری گەرمیان هەستیان بە لەرینەوەی زەوی كرد و تووشی نیگەرانی دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزەكەی ڕۆژی 12ـی تشرینی دووەم بوونەوە، بەڵام ئەمجارەیان هیچ زیانێكی نەبوو.

حامید رەمزی شارەزای بواری زەمینلەرزە كە ئێستە بە مەبەستی بە دواداچوون بۆ زیانەكانی كارەساتی بوومەلەرزە لە دەربەندیخانە، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەعات حەوت و 15 خولەكی ئەم بەیانییە تا ئێوارەی ئەمڕۆ چەندان بوومەلەرزەی تر تۆمار كراون.

ئەو شارەزایە دەڵێت، لە سەعات حەوت و 15 خولەك تا سەعات چواری ئێوارەی  ئەمڕۆ، لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان گەرمیان و سەرپێڵ زەهاو و قەسری شیرین و ئەزگڵە و تازە ئاباد و سەلاسی باوەجانی و دەورووبەری، چەندان بوومەلەرزە ڕوویان داوە.

رەمزی ئاشكرای دەكات كە كۆی ژمارەی بوومەلەرزەكان 22 بوومەلەرزە بووە و بە پلەی نێوان 2 بۆ 2.9 پلە بەپێوەری رێختەر، هەروەها 20 بوومەلەرزە بە پلەكانی نێوان 3 بۆ 3.9 پلە تۆمار كراوە، زۆربەی بوومەلەرزەكان لە قوڵایی نێوان هەشت بۆ 12 كیلۆمەتر ژێر زەوی ڕوویان داوە.

ڕۆژی 12ـی تشرینی دووەم بوومەلەرزەیەكی بەهێز سنوورەكانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستانی هەژاند، كە بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان گیانیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون.

شارۆكەی دەربەندیخان كەوتووەتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی بە دووری 66 كیلۆمەتر.



وشە - رامیار جەواد