كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك چۆن و لەكوێ ساز دەكرێت؟

:: PM:05:54:18/11/2017 ‌
دوای بڵاوكردنەوەی بەرنامەی كاری دانیشتنی چاوەڕوانكراوی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئێستە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە نازانن كۆبوونەوەكە لەكوێ‌ ئەنجام دەدرێت و بەشێكیان پێیان وایە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی تشرینی دووەم، بە گوێرەی بەدواداچوونێكی "وشە" بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە، هیچ ئەندامێكی ئەنجوومەن ئامادە نەبوو شوێنی كۆبوونەوەكە ئاشكرا بكات كە بڕیارە ڕۆژی سێشەم ئەنجام بدرێت.

لە بەواداچوونەكە دەركەوت كۆبوونەوەكە لە شار یان شارۆكەیەكی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت یان ئەگەری دواخستنی هەیە، چونكە بەشی زۆری ئەندامان ئامادەنین بچنەوە شاری كەركووك بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە، بە تایبەت كوردەكان.

سەمیر سەباح كە كاندیدی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بوو بۆ "وشە" دەڵێت، ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە لە شاری كەركووك زۆر ئەستەمە، چونكە چەندین ئەندام دڵنیان لەوەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستبەسەر دەكرێن.

زیاتر گوتی، باس لەوە دەكرێت كە كۆبوونەوەكە لە پارێزگاكانی هەولێر یان سلێمانی لە شارۆكەیەك ئەنجام بدرێت نەوەك شارەكان.

ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ كەركووك 41 ئەندامی‌ هەیە، 26 ئەندامیان فراكسیۆنی‌ برایەتییە، دوای‌ رووداوەكانی‌ 16ـی تشرینی یەكەم، شاری‌ كەركووك و ناوچە جێ ناكۆكەكانەوە كە هێزە عێراقییەكان كۆنتڕۆڵیان كردەوە بە هاوكاری چەند سەركردەیەكی ناپاكی یەكێتی.

شاری كەركووك كە شارێكی كوردستانییە و ئێستە لەلایەن حەشدی شەعییەوەی دەستی بەسەردا گیراوە و هەوڵی شێواندنی دیمۆگرافیای شارەكە دەدرێت لەلایەن حكوومەتی عێراق و چەند لایەنێكی شیعەی نزیك لە ئێران، ئەو شارە جگە لە ناوەندەكەی پێكهاتووە لە 12 شارۆكەی جیاواز كە هەشت شارۆكەیان لە %90 دانیشتوانەكەی كوردە.



وشە - رامیار جەواد