نووسینگەی میری ئێزدیان: كار بە پرۆژە یاسای جەعفەری ناكەین

:: PM:06:16:18/11/2017 ‌
بابە شێخی ئێزدییان دژایەتیی خۆی بۆ پرۆژە یاسای جەعفەری پەرلەمانی عێراق راگەیاند و بەرپرسی نووسینگەكەی دووپاتی دەكاتەوە كە ئێزدییەكان كار بەو یاسایە ناكەن.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی تشرینی دووەم، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی میری ئێزدییان بۆ "وشە" هاتووە دەڵێت، هادی بابەشێخ بەرپرسی نووسینگەی بابەشێخی مەرجەعی باڵای ئێزدیان، كوردانی ئێزدی دژی بەشوودانی كچانی تەمەن نۆ ساڵن، كە پەرلەمانی عێراق ئامادەی كردووە و پڕۆژەكە بە یاسای جەعفەری دەناسرێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەی هادی بابەشێخدا هاتووە، كوردانی ئێزدی پابەندی ئەو یاسایە نابن و داواش دەكەن بەهیچ شێوەیەك ئەو یاسایە پەسەند نەكرێت.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەو یاسایە كە بارستە شیعەكان بە پشتبەستن بە بنەما مەزەوییەكانی خۆیانەوە ئامادەیان كردووە و تێیدا رێگە بە باوكان دەدەن كچانی تەمەن نۆ ساڵەی خۆیان بەشوو بدەن، بەڵام زۆربەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، دژایەتی خۆیان بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە راگەیاندووە، چونكە دژی بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤە.

یاسایەی باری كەسێتی كە ئێستە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لە بڕگەیەكیدا هاتووە، باوك بۆی هەیە كچەكەی لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بە شوو بدات، كە ئەو یاسایە بە یاسای جەعفەری ناسراوە.

پێشتر لایەنە شیعەكانی ناو پەرلەمانی عێراق بە هەمان شێوە هەوڵیان داوە كە پڕۆژە یاسای جەعفەری لەناو پەرلەمان بخەنە روو و تێیپەڕێنن، بەڵام رووبەڕووی ناڕەزایی لەلایەن كورد و لیبرالەكان بووەتەوە و ئێستەش هەوڵێك هەیە بۆ زیندووكردنەوەی پڕۆژەكە.







وشە - رامیار جەواد