ئەگەری دروستبوونی لافاو رەت دەكرێتەوە

:: PM:06:20:18/11/2017 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی چەندین هەواڵ كە گوایە ڕۆژی چوارشەم بەهۆی بەهێزی شەپۆڵی بارانبارین ئەگەری بوونی لافاو دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئەگەری لافاو ڕەت دەكاتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی تشرینی دووەم، ئەژی چەتۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕاستە بارانێكی بەخوڕ دەبارێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە لافاو هەڵدەستێت لە هەرێمی كوردستان.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كەشناسی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو بارانەی دەبارێت لە ئەنجامی یەكگرتنی دوو بارستە هەوای جیاوازە كە لە دەریای ناوەڕاست و دەریا سوور هەڵی كردووە و بە چەندین شوێن ڕەت دەبێت، دەبێت ئەوەش بزانین كە كەشوهەوای هەرێمی كوردستان جیاوازە لەگەڵ شوێنەكانی تر.

ئەژی زیاتر ڕوونی كردەوە بەهۆی بوونی بەرزایی زۆر لە هەرێمی كوردستان ئەگەری چڕبوونەوەی هەورەكە دەكرێت و بارانێكی زۆر ببارێت، بەڵام ئەوە مانای  ئەوە نییە دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو، بەڵام بوونی ئامادەكاریش هەبێت باشە.

بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەری دوو پاڵەپەستۆی جیاواز لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، بۆیە پێشبینی بارینی بارانێكی چەند ڕۆژە دەكرێت لەو هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو.

هەرێمی كوردستان كاریگەرە زیاتر بە كەشوهەوای دەریای ناوەڕاست ساڵانە چەند بارستە هەوایەكی دەریای سوور و كەنداوی عەرەبیش كاریگەری لەسەر دروست دەكەن، بەپێی زانیارییەكانی كەشناسی بۆ ئەمساڵ تا ئێستە رێژەی بارانبارین باش بووە بە بەراورد بە پارساڵ.



وشە - رامیار جەواد