فێستیڤاڵێكی جیهانی لە هەولێر ساز دەكرێت

:: PM:07:07:18/11/2017 ‌

فێستیڤاڵی كۆری، كە بە فێستیڤاڵێكی جیهانی ناسراوە لە بواری تایكواندۆ و گۆرانی و میوزیك و هەڵپەڕكێ، ئێستە ئامادەسازی بۆ كراوە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی كوردستان لە شاری هەولێر ساز بكرێت بە بەشداری ئەكادیمیای كوردی و جیهانی.

ئەمڕۆ لەكاتی ئامادەسازییەكاندا هێمن مەهدی قادر راهێنەری نێودەوڵەتیی تایكواندۆ و سەرپەرشتیاری ئەكادیمیای تایكواندۆی كوردستان، كە بەشداری لەو فێستیڤاڵە دەكەن بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە ئامادەكارییەكان كراوە بۆ سازكردنی فێستیڤاڵێكی جیهانی كۆری لە شاری هەولێر لەسەر ئاستی كوردستان، كە ماوەیەكی كەم ماوە بۆ سازكردنی ئەو فێستیڤاڵە، وەك تیمی ئەكادیمیای تایكواندۆی كوردستان لەلایەن كۆرییەكانەوە دەستنیشان كراوین بۆ ئەوەی نمایشێكی جۆراوجۆری تایكواندۆ ئەنجام بدەین و خزمەت بە فێستیڤاڵەكە بكەین. 

زیاتر گوتی، ئەو فێستیڤاڵە لەلایەن سەنتەری خوێندنی كۆری سەرپەرشتی دەكرێت و بریتییە لە ناساندنی كولتووری كوریا بە كوردستان، تیمەكەمان پێكهاتووە لە چەندان ئەندامی كچ و كوڕی كورد و بەشداری چەندین چالاكیمان كردووە و رۆژانە بەردەوامین لە كار و چالاكییەكانمان.

شایەنی باسە ئەو فێستیڤاڵە تەنیا چالاكی تایكواندۆ لەخۆ ناگڕێت، بەڵكو چەند چالاكییەكی وەك مۆسیقا و هەڵپەڕكێ و گۆرانی لەخۆ دەگڕێت و فێستیڤالەكە بە هەمەجۆری زیاتر دەڕازێندرێتەوە. رۆژی دووشەم سەعات 10ی سەر لەبەیانی 2/12 لە شاری هەولێر لە هۆڵی كتێبخانەی زەیتون لەناو پاڕكی سامی عەبدولرەحمان ئەو فێستیڤاڵە ساز دەكرێت .

هەولێر/ شاخەوان شێخانی













وشە - مه‌حموود ئیسماعیل