وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندیی بە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە دەكات

:: PM:09:16:18/11/2017 ‌
رێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندی تەلەفۆنی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات و دووپاتی كردەوە كە واشنتۆن لە پێوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەغدا و هانی حكوومەتی عێراق دەدات كە زەمینەی دەست پێكردنی گفتوگۆیەكی رژد لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕەخسێنێت تا بگەن بە ئامانجی خوازراو.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی تشرینی دووەم، لە هەواڵێكی سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، رێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پێوەندییەكەی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پرسە و سەرەخۆشی خۆم و وڵاتەكەم بۆ قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی هەفتەی رابردوو هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ڕادەگەینم و ئامادەیی وڵاتەكەشم بۆ هەر هاوكاری و هاوئاهەنگییەك لەمبارەیەوە پێشان دەدەم.

تیلەر‌سن خۆشحاڵیی خۆی بۆ هێوربوونەوەی گرژیی هێڵەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان دەربڕی و دانبەخۆداگرتنی هەردوولای بۆ پاراستنی ئارامی بەرز نرخاند، هەروەها دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕێزگرتن لە لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە دەستوور، دووپاتی كردەوە لە پاراستنی ئارامی كردەوە لە پێناو زەمینەسازی بۆ گفتوگۆی رژدی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.

نێچیرڤان بارزانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە رای گەیاندووە ئامادەیە بە گفتوگۆی رژد لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق و هەموو كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات.

بارزانی هیوای خواست ئەمەریكا و هاوپەیمانان رۆڵی خۆیان لە دەست پێكردنی گفتوگۆی هەولێر بەغدا بگێڕن و لەمبارەیەوە هاوكار و پشتیوان بن. 

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو پێوەندییە تەلەفۆنییە و سەرەخۆشیی تیلەسنی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە كرد و ئاماژەی بەوە دا كە پێشوازی لە هەر هاوكارییەك دەكەن بۆ لێقەوماوان.

دووپاتی لەوەش كردەوە كە پێویستە گەمارۆ‌ی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان هەڵبگیرێت، بە تایبەتی كە لە بواری مرۆییدا پێویستییەكی زۆریان هەیە،‌ چونكە‌ بەشێكی هاوكارییەكان‌ بۆ زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی فڕۆكەخانانەكانەوە دابین دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد