له كاتێكدا هێشتا ماوه‌ى یاسایی ماوه و دادگاى كارگێڕی به‌غدا وه‌ڵامى تانه‌ى پارێزگاری له‌كار لادراوى نه‌داوه‌ته‌وه، ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى نه‌ینه‌وا ده‌رگه‌ى خۆكاندیدكردنى كرده‌وه و هاوپه‌یمانى برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان مه‌رجیان بۆ پارێزگاری داهاتووى مووسڵ ئه‌وه‌یه كه خزمه‌تى ناوچه كوردستانییه‌كان بكات و پێوه‌ندییه‌كى باشی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت.
رۆژى یه‌كشه‌م 12ى تشرینى یه‌كه‌م، رۆژى كردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌ى خۆكاندیدكردن بوو بۆ پۆستى پارێزگاری نه‌ینه‌وا، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نه‌كه به زۆرینه‌ى ده‌نگ بڕیاری سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ى له نۆفه‌ل حه‌مادی سوڵتان عاكوب پارێزگاری نه‌ینه‌وا دا. له یه‌كه‌م رۆژدا 15 كه‌سایه‌تى خۆیان كاندید كردووه، له‌وانه ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن و پیاوانى كار و كه‌سانى تریش هه‌ن، تا سبه‌ى پێنجشه‌م 16ى تشرینى دووه‌م خۆكاندیدكردن كراوه ده‌بێت.
هه‌ر هه‌مان رۆژ، نۆفه‌ل حه‌مادی به فه‌رمى له دادگاى كارگێڕی له به‌غدا تانه‌ى له بڕیاریئهنجوومهنى پارێزگاى نه‌ینه‌وا داوه له‌سه‌ر سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه لێى، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رۆژى 20ى ئه‌م مانگه دادگاى كارگێڕی سه‌یری تانه‌ى حه‌مادی بكات و بڕیاری كۆتای له‌سه‌ر سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه لێى له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نه‌وه ده‌درێت.
كردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌ى خۆكاندیدكردن، له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌رگه‌ى جووڵه‌یه‌كى سیاسی گه‌وره‌ى كرده‌وه له نێوان فراكسیۆنه سیاسییه‌كانى ناو ئه‌نجوومه‌ن، هاوكات دوولهتبوونیش رووی دا له‌ناو فراكسیۆنى نه‌هزه كه پێشتر نۆفه‌ل حه‌مادی پارێزگاری له كارلادراو سه‌ر به‌و فراكسیۆنه بوو كه ژماره‌یان 22 ئه‌ندام بوو، به‌ڵام ئێسته فراكسیۆنى نۆفه‌ل كه ژماره‌یان 13 ئه‌ندامه، له فراكسیۆنى نه‌هزه جیابوونه‌ته‌وه و فراكسیۆنى نه‌ینه‌وایان پێكهێناوه.
بونیان جهربۆ ئه‌ندامى فراكسیۆنى نه‌هزه كه ئێسته نۆ ئه‌ندامیان هه‌یه، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه دواى كردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌ى خۆكاندیدكردن، جووڵه‌یه‌كى سیاسیی گه‌وره له‌نێوان فراكسیۆنه‌كانى ئه‌نجوومه‌ن ده‌ستى پێكردووه و ئه‌مه‌ش ئاسایییه.
بونیان كه خۆیشی یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ى كاندیده بۆ پۆستی پارێزگار، به‌ڵام هێشتا به فه‌رمى وه‌ك كاندیدى فراكسیۆنى نه‌هزه پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌ن نه‌كراوه. ببۆ "وشه" گوتى "فراكسیۆنى نه‌هزه وه‌ك گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى ئه‌نجوومه‌ن، بێگومان قسه‌ى خۆى ده‌بێت له‌سه‌ر پارێزگاری داهاتووى مووسڵ، له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانى تر به تایبه‌ت پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و لایه‌نه‌كانى تریش، ده‌بێت به رێككه‌وتن كه‌سێك ده‌ستنیشان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له كۆتادا پارێزگاری داهاتووی نه‌ینه‌وا پارێزگاری هه‌مووان بێت".
فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان كه دووه‌م گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى پارێزگاى نه‌ینه‌وایه و نوێَنهرایهتى 13 یه‌كه‌ی كارگێڕی له شارۆكه و شاره‌دێى كوردانى سنووری پارێزگاى مووسڵ ده‌كات له مه‌خمووره‌وه تا شنگال، له پرسی سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه له نۆفه‌ل حه‌مادی، به‌شێكیان ئاماده‌ى دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌ن نه‌بوون.
سه‌یدۆ چه‌تۆ شنگالى سه‌رۆكى فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان ده‌ڵێ، وه‌ك كورد له مووسڵ پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن لاى ئێمه‌یه، بۆیه كاندیدمان بۆ پۆستى پارێزگار نابێ و ئه‌و پۆسته به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كانى پێشتر به عه‌ره‌بی شاره‌كه دراوه.
له‌باره‌ى پشتگیریكردن له كاندیدى داهاتوو بۆ پارێزگاری مووسڵ، چه‌تۆ به"وشه"ی راگه‌یاند، جارێ چاوه‌ڕوانى بڕیاری كۆتای دادگاى كارگێڕی ده‌كه‌ین كه هه‌فته‌ى داهاتوو سه‌یری تانه‌ى نۆفه‌ل حه‌مادى ده‌كات، دواى بڕیاری دادگا ئه‌گه‌ر متمانه سهندنهوهكه په‌سند كرا، ئه‌وا قسه‌ى خۆمان ده‌بێت.
شنگالى نه‌یشارده‌وه كه جووڵه‌یه‌كى سیاسی له نێوان فراكسیۆنه‌كان دروستبووه و كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامییان هه‌یه، زیاتر گوتى "وه‌ك فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان، مه‌رجمان بۆ پارێزگاری داهاتووى مووسڵ ئه‌وه‌یه خزمه‌تى ناوچه كوردییه‌كان له مه‌خمووره‌وه تا شنگال بكات، پێوه‌ندى باشیشی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت، به‌و پێیه‌ى دووه‌م گه‌وره پارێزگای عێراقه و سنوورێكى فراوانیشی له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه".
لاى خۆیه‌وه گه‌لاوێژ عه‌لى سه‌رۆكى فراكسیۆنى سه‌وز، ده‌ڵێ،نۆفه‌ل حه‌مادی ئه‌و كاته‌ى پارێزگاری مووسڵ بوو كاری ته‌نیا بۆ فراكسیۆنه‌كه‌ى خۆی و فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌كرد، ئه‌وه‌شی نه‌شاردووه‌ته‌وه و له كۆبوونه‌وه‌ى گشتى به ئاشكرا ئه‌و قسه‌یه كراوه، بۆیه به جۆرێك فراكسیۆنه‌كانى تر‌ى په‌راوێز خستبوو، ته‌نانه‌ت كه سه‌ردانى پارێزگاریش ده‌كرا، هه‌ر په‌راوێزی ده‌خستن.
جگه له‌مه شه‌فافیه‌ت له كاره‌كانی پارێزگار نه‌بوو، كه‌س نازانێت بودجه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى مووسڵ چۆن خه‌رج كراوه و پاره‌كه‌ى چی لێ هاتووه، به‌ڵكو پارێزگارى داهاتوو نه‌ینه‌وا ده‌بێت سواڵ بۆ نه‌ینه‌وا بكات له‌و وڵات بۆ ئه‌و وڵات، نه‌ك له بودجه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى بدزێت.
زیاتر گوتى "وه‌ك فراكسیۆنى یه‌كێتى ئه‌وه‌ى به‌لامانه‌وه گرنگه ئه‌وه‌یه،له لادانى نۆفه‌ل، نابێت رێ بدرێت كه‌سێكى تر له‌و خراپتر بێت، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌كرێت به پارێزگار، ده‌بێت شه‌فاف بێت و زانیاری بدات به ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن، ده‌بێت كار بۆ هه‌موو خه‌ڵكى مووسڵ بكات نه‌ك هه‌ندێكیان په‌راوێز بخات".
لیلیال محه‌مه‌د ئهندامىئهنجوومهنى پارێزگای نهینهوائهوهی خسته ڕوو كه كردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌ى خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستى پارێزگار له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نه‌وه یاسایی نییه و ده‌بوو چاوه‌ڕوانى ته‌واوبوونى ماوه‌ی یاسایی تانه‌دانى پارێزگار و مانگێك دواتریش بكات.
لیلیال كه‌ئه‌ندامى فراكسیۆنى تازه‌كه‌ى نۆفه‌ل حهمادییه به ناوى فراكسیۆنى نه‌ینه‌وا، وه‌ك خۆى ده‌ڵێ ژماره‌یان 13 ئه‌ندامه و گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى ناو ئه‌نجوومه‌نن.دووپاتی كرده‌وه "ئه‌گه‌ر دادگاى كارگێڕیی به‌غدا تانه‌ى نۆفه‌ل حه‌مادی نه‌توانێت بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا ره‌ت بكاته‌وه، وه‌ك گه‌وره‌ترین فراكسیۆن، كاندیدمان ده‌بێت بۆ پۆستى پارێزگار".