دێربی مەدرید بەیەكسانبوون كۆتایی هات

:: AM:08:51:19/11/2017 ‌

درەنگانی شەوی رابردوو هەردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ریال مەدرید لە یاریی دێربی شاری مەدرید و لە گەڕی 12ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.

یارییەكە لەنێو واندا میتر پۆلیتانۆی یاریگەی نوێی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بەڕێوەچوو و جگە لە یەكسانبوونی ئەنجامی یارییەكە، هەردوو یانەكە ئاستی یاریكردنیشیان تاڕادەیەكی زۆر لە یەكەترەوە نزیكبوو و تەنیا چەند هێرشێكی كەمی مەترسیداریان كردە سەر گۆڵی یەكتر.

بەم یەكسانبوونە خاڵەكانی یانەی ریال مەدرید بۆ 24 خاڵ بەرزبووەوە و هەر لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش هەمان رێژە خاڵی هەیە، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی چوارەمی یانەكان مایەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری هەردوو یانەكە دوێنێ شەموو بە 3 گۆڵ لە یانەی لیگانیسی بردەوە و بە 34 خاڵ ریزبەندی یەكەمی یانەكانی قایمتر كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م