پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان بۆ حكوومەتی عێراق گه‌ڕێنرایه‌وه‌

:: AM:08:58:19/11/2017 ‌

بەگوێرەی نووسراوێكی سكرتاریەتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوێنێ شەموو لەسەر داوای ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق كە لەلایەن حكوومەتەوە ئاراستەی پەرلەمان كرابوو، جارێكی تر بۆ حكوومەت گەڕێنرایەوە.

لە نووسراوەكە كە بە ژمارەی 44 و ڕێكەوتی دوێنێ شەموو 18ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری لەسەرە و بە ناونیشانی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵی دارایی 2018 ئاراستەی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران كراوه و تێیدا هاتووە، ئاماژە بە پێوەندی تەلەفۆنی كە لە ڕۆژی هەینی 17 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر بۆ ئێمە كراوە و لەسەر داوای ئێوە، پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵی دارایی 2018 بۆتان دەگەڕێنینەوە، لە كۆتاشدا نووسراوەكە واژووی سەڵاحەدین ئەحمەد عەبدولعەزیز ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەكالەتی لەسەرە.

گەڕاندنەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق لە كاتێكدایە حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان بە تەواوی ئەو پڕۆژە یاسایە ڕەت دەكەنەوە، چونكە پشكی كوردستان لە بودجەی گشتی لە 17%ەوە بۆ 12% كەم كراوەتەوە، جیا لەوە لە چەندان شوێنیش ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە حكوومەتی پارێزگاكانی كوردستان هێنراوە و بودجە بۆ پێشمەرگە دیاری نەكراوە و بە هەموو شێوەیەك دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان نووسراوەتەوە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د