لەسەر داوای سعوودیە و پشتیوانی بەحرێن و ئیمارات، بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی كۆبوونەوەیەكی بە پەلە لە بارەگای ئەمینداریەتی گشتیی كۆمكاری عەرەبی بە سەرۆكایەتی وەزیری دەرەوەی جیبۆتی "مەحموود عەلی یوسف" سەرۆكی ئەم خولەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب ساز بكەن و تێیدا باس لە دەستوەردانەكانی ئێران لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی دەكرێ.
ئەو كۆبوونەوە بە پەلەیە لەسەر داوای سعوودیە و پشتیوانی ئیمارات و بەحرێن و كوێت ئەنجام دەدرێ، بە وردی تاوتوێ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و دەستوەردانەكانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی دەكرێ، بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەیش، لیژنەی چوارقۆڵی وەزیرانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستوەردانەكانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی عەرەب كۆ دەبنەوە، كە بریتین لە سعوودیە و میسر و ئیمارات و بەحرێن، ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی ئەحمەد ئەبو غێتیش ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبێ.
دوای هەڵدانی مووشەكێكی بالیستی لە یەمەنەوە بە ئاراستەی ڕیازی پایتەختی سعوودیە، پێوەندییەكانی تاران و ڕیاز گرژی زیاتریان بەخۆیەوە بینیوە و مەترسی هەڵگیرسانی جەنگ لەلایەن سعوودیەوە دژی ئێران و هێزە بریكارەكانی لە ناوچەكە دەكرێت.