ئیبراهیمۆڤیچ دوای 7 مانگ دەستی بە یاریكردن كردەوە

:: AM:09:56:19/11/2017 ‌

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی هێرشبەری سوێدی دوای دابڕانی 7 مانگ لە یاریكردن بەهۆی پێكانەوە، شەوی رابردوو بۆ یەكەمجار لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دەستی بە یاریكردن كردەوە.

شەوی رابردوو یانەی مانچستەر یونایتد لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 12ی خولی نایابی ئینگلیزیدا لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆڕد بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە یانەی نیوكاسلی بردەوە.

لەو یارییەدا ئیبراهیمۆڤیچ لە خولەكی 77 بەشێوەی یەدەگ لە شوێنی ئەنتۆنیۆ مارسیاڵی هێرشبەری فڕەنسی دەستی بە یاریكردن كردەوە.

ئیبراهیمۆڤیچ لە مانگی نیسان (مانگی چوار)ی رابردوودا لە یارییەكی یانەی مانچستەر یونایتد لە خولی ئەوروپا بەرامبەر یانەی
ئەندەرلەخت لە وەرزی رابردوودا تووشی پێكانێكی قورسی چۆكی هاتبوو و بەو هۆیەوە ماوەی 212 رۆژ لە یاریكردن دوور كەوتبووەوە.

جێی باسە یانەی مانچستەر یونایتد بەم سەركەوتنە خاڵەكانی كردە 26 و هەر لە ریزبەندی دووەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی مایەوە، یانەی مانچستەر سیتیش 34 خاڵی هەیە و لە ریزی یەكەمدایە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م