فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا: ئەمەریكا پشتیوانی سەرەكی تیرۆرە لە دنیا

:: AM:10:03:19/11/2017 ‌
پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات، بانگی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بكەن و ناڕەزایی توندیان پێشكەش بكرێ، لە بەرامبەر دانانی ناوی میلیشیاكانی "نوجەبا" لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكاوە لە لیستی تیرۆر، بە توندیش هێرش دەكاتە سەر واشنتن و بە پشتیوانی سەرەكی تیرۆریستان تۆمەتباریان دەكات.

فیردەوس عەوادی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، ئەمەریكا دەیەوێ بە ویستی خۆی مامەڵە لەگەڵ پرسی تیرۆر بكات و لەو هێزە پاڵەوانانە بدا كە تیرۆریستانیان لە ناوەوەی عێراق ڕیشەكێش كرد، ئەو بڕیارەی ئەمەریكا هیچ نییە، جیا لە كاردانەوەیەك بەرامبەر بە سەركەوتنی هێزە پاڵەوانەكان دژ بە پڕۆژەی پیسی ئەمەریكا لە پشتیوانیكردنی تیرۆر لە عێراق و ناوچەكە و هەوڵدان بۆ دروستكردنی بیانوو و شەرعیەتدان بە مانەوەیان و دروستكردنی گرووپی تری تیرۆریستی تر، دوای پڕۆژەی داعش.

هەروەها گوتی، لەسەر حكوومەتی عێراق پێویستە هەنگاوی دیپلۆماسی پێویست بگرێتەبەر و بانگهێشتنی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق بكات و پێیان ڕابگەیەنێت، كە ئەو گرووپە دامەزراوەیەكی فەرمییە و بەشێكن لە هێزە چەكدارەكانی عێراق، زۆر گرنگە عێراق هەڵوێستێكی توندی بەرامبەر ئەو پرسە هەبێ و نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئاگەدار بكاتەوە و دووپاتیش لەوە بكاتەوە كە ئەمەریكا پشتیوانی تیرۆر دەكات بۆ كوشتنی گەلانی ناوچەكە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەو هەڵوێستەی ئەمەریكا دان پێدانانێكی فەرمییە كە ئەمەریكا نوێنەرایەتی تیرۆر دەكات و دەوڵەتی تیرۆریستین لە تەواوی دنیادا، بە پێچەوانەوەیش ئەو هێزەی ئەمەریكا خستوویەتییە لیستی تیرۆر، شكستی بە پڕۆژەكەی ئەمەریكا بۆ چەكداركردنی تیرۆریستان و گواستنەوەی چەكدارانی داعش لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر هێنا.

سەرچاوە/بغداد تودەی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د