كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق

:: AM:10:06:19/11/2017 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی ژمارە 32ی ئەم وەرزەی یاسادان ساز دەكات و لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەیشدا حەوت خاڵ دانراوە و گفتوگۆ و دەنگدانی لەسەر دەكرێت.

بەگوێرەی كارنامەی ئەمڕۆی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بڕگەی دووەم، دەنگدان لەسەر پڕۆژە هەمواری یاسای سەندیكانی ژمێریاران و وردبینان دەكرێ، پاشان هەریەك لە پڕۆژە یاسای دەستەی ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان، هەمواری دووەمی یاسای قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان كە بەشێكی جەستەیان لە دەست داوە بەهۆی تاوانەكانی ڕژێمی پێشوو، پڕۆژە یاسای چوونی كۆماری عێراق بۆ ناو ڕێككەوتنی پێوەست بە دڵنیایی نێودەوڵەتی لەسەر كەلوپەلی گوازراوە و پرۆتۆكۆلی تایبەت بە فڕۆكە و كەلوپەلە گرنگەكانی تر، پڕۆژە یاسای سەندیكای كارمەندانی تەندروستی دەخرێنە دەنگدانەوە.

لە بڕگەی حەوتەمی دانیشتنەكە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای دەستەبەر و دڵنیایی تەندروستی تەواو دەكرێ، پاشان ڕاپۆرتی چالاكییەكانی ئەم وەرزی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەخرێتە ڕوو.

هەرچەندە لە هیچ بڕگەیەكی كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان، باسكردنی سزادانی پەرلەمانتارانی كورد كە بەشداری ڕیفراندۆمیان كردووە، نەهاتووە. بەڵام لیستەكەی مالیكی و هاوپەیمانەكانی لە میدیاكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەمڕۆیش كۆدەنگی دروست دەكەن بۆ سزادانی ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداری ڕیفراندۆمی كوردستانیان لە 25 ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ كردووە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د