دی بڕۆین هۆكاری سەركەوتنەكانی مانچستەر سیتی ئاشكرا كرد

:: AM:10:25:19/11/2017 ‌

كیڤن دی بڕۆینی ئەستێرەی بەلجیكی هۆكاری سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی ئەم دواییەی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا ئاشكرا كرد.

یانەی مانچستەر سیتی دوێنێ شەموو لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 12ی خولی نایابی ئینگلیزیدا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی لیستەر سیتی بردەوە.

یانەی مانچستەر سیتی لەم وەرزەدا لە كۆی 12 یاریی 11 سەركەوتنی بەدەستهێناوە و لە یارییەكیشدا یەكسان بووە و هیچ یارییەكیشی نەدۆڕاندووە، یانەكە هەروەها ئێستا بەكۆكردنەوەی 34 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزییە.

دی بڕۆین بۆ دەزگاكانی راگەیاندن هۆكاری سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی ئاشكرا كرد و رایگەیاند: بڕوا بەخۆبوون هۆكاری سەرەكی سەركەوتنەكانمانە.

دی بڕۆین رایگەیاند: لە هەموو یارییەكدا بڕوای تەواومان بەخۆمان هەیە و بەهۆیەوە باشترین ئاست پێشكەش دەكەین.

یانەی مانچستەر سیتی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش باشترین ئاستی لەم وەرزەدا پێشكەش كردووە لە 4 یاریی رابردوویدا سەركەوتنی بەسەر یانەكانی فینۆرد رۆتەردامی هۆڵەندی، شاختار دۆنیتیسكی ئۆكڕانی و 2 یاریش بەرامبەر یانەی ناپۆلی ئیتاڵی بەدەستهێناوە، یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 12 خاڵ بە یەكەمی كۆمەڵەی شەشەم سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16ی پاڵەوانیەتییەكە مسۆگەر كردووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م