رامۆس لە یاریی دێربی شەوی رابردوودا لوتی شكاوە

:: AM:11:13:19/11/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی یانەی ریال مەدرید لە دێربی شەوی رابردووی ئیسپانیا لوتی شكاوە.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە واندا میترۆ پۆلیتانۆ لە یاریی دێربی شاری مەدرید و گەڕی 12ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید یەكسان بوو.

ماڵپەڕی (بێرنابیۆ دیجیتال)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد لە یارییەكەدا لە ئەنجامی بەریەككەوتنی لەگەڵ لوكاس هێرناندیزی یاریزانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، رامۆس لوتی شكاوە.

بەهۆیەوە زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید ناچار بووە لە سەرەتای گێمی دووەمدا رامۆس لەنێو یاریگە دەربێنێ و لە شوێنی ئەو یاری بە ناچۆ بكات.

یانەی شاهانە تا ئێستا بەفەرمی ماوەی دووركەوتنەوەی رامۆسی رانەگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێ لە یاریی داهاتوودا ئەگەر بتوانێ یاریی بكات ئەو بەرگریكارە بە دەمامك یاری بكات یاخود هەر نەتوانێ یاریی بكات.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید بەم یەكسانبوونە ژمارەی خاڵەكانی بوونە 24 و هەر لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش هەمان رێژە خاڵی هەیە، بەڵام بەجیاوازی گۆڵ لە ریزی چوارەمە، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە بە كۆكردنەوەی 34 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی گرتووە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م