دەبێ سازان و هاوبەشی بۆ عێراق بگەڕێتەوە
حزبی ئیسلامیی عێراق: دان بە دەوڵەتی كوردستان دەنێین

:: AM:11:15:19/11/2017 ‌
ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی عێراق ئاشكرای كرد، شەڕی داعش كۆتای پێ هات و پێویستە چاو بە هێزەكانی حەشدی شەعبی بخشێنرێتەوە، عێراقیش وڵاتێكە لەسەر بنەمای هاوبەشایەتی دامەزراوە و ناكرێ لایەنی تر بۆچوونی خۆیان بسەپێنن، لەبارەی كوردستانەوەیش گوتی، دان بە دەوڵەتی كوردستان دەنێین، بەڵام ئێستە كاتەكەی گونجاو نییە، بۆ ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە.

ئەیاد سامەڕایی سەرۆكی حزبی ئیسلامی عێراق كە پێشتر ماوەیەك سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بووە، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی ئاشكرای كرد، سەرنجمان لەسەر ئەوەیە كە حەشدی شەعبی دەیەوێ لە هێزێكی چەكداری ببێت بە لایەنێكی سیاسی، بەڵام پێویستە چاو بەو هێزە بخشێنرێتەوە، دوای ئەوەی ئەو ئامانجەی لە پێناوی دامەزرا، كۆتای هات كە نەمانی تیرۆریستانە لە عێراق.

هەروەها گوتی، عێراق وڵاتێكی فره پێكهاتەیە و هیچ پێكهاتەیەك ناكرێ بۆچوونی خۆی بەسەر ئەوەی تر بسەپێنێت، ناكرێ لەسەر بنەمای زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بڕیار بدرێ، سوننەكانی عێراقیش هەمووان لە چوارچێوەی فراكسیۆنی هاوپەیمانی هێزەكانی عێراق كۆ بوونەتەوە و بەردەوام بە یەكگرتوویی دەمێننەوە.

لە بەشێكی تری قسەكانی سامەڕایی گوتی، ستراتیجیی حزبی ئیسلامی ئەوەیە كە ناكرێ یەكتڕ بسڕینەوە و پێوەندییەكان بپچڕێنن، هەرچەند ململانێ و ناكۆكیش لە نێوان حزب و لایەنە جیاجیاكان هەبێ، كوردیش حەقی خۆیەتی دەوڵەتی خۆیان هەبێ و ئێمە دانیان پێدا دەنێین، بەڵام ئێستە كاتێكی گونجاو نییە بۆ ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە، جیا لەوەیش بنەمای سازان و هاوبەشی لە نێوان پێكهاتەكان نەماوە و پێویستە عێراق ڕێك بخرێتەوە.

ئەیاد سامەڕایی لە ساڵی 1946 لە بەغدا لە دایك بووە و لە 1970 كۆلێژی ئەندازیاری تەواو كردووە و لە 1991 حزبی ئیسلامی عێراقی دامەزراندووە، دوای ڕزگاری عێراق و ڕووخانی بەعس، بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوە و لە 19 نیسان/ئەپریلی 2009 بووەتە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئێستەیش فراكسیۆنی حزبەكەی بەشێكە لە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان كە تەواوی لایەنەكانی عەرەبی سوننە لەخۆ دەگرێت.

سەرچاوە/بغداد تودەی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د