لەسەر دانانی نوجەبا لە لیستی تیرۆر
حزبوڵا: موقاوەمەی ئیسلامی دژی ئەمەریكا دەوەستێتەوە

:: PM:12:10:19/11/2017 ‌
كەتائیبی حزبوڵای عێراق كە یەكێكە لە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، ڕەخنەی توند لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەگرێ، بەهۆی بێدەنگی و دەرنەبڕینی هەڵوێست لەسەر بڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە دانانی میلیشیاكانی نوجەبا لە لیستی تیرۆردا.

لە ڕاگەیەنراوێكی حزبوڵای عێراق هاتووە، گەل تووشی سەرسامی نەبوو بە بڕیارە دوژمنكارەكانی ئەمەریكا دژی حەشدی شەعبی و گرووپەكانی بەرگری لە ئیسلام، چونكە ئەمەریكا وڵاتەكەی داگیر كردین و هەزارانی لێ كوشتین و شار و دامەزراوەكانی وێران كردین، بە هیچ شێوەیەك لە عێراق دەرنەدەچوو، تەنیا بە گورزی پاڵەوانان و موجاهیدانی بەرگری ئیسلامی نەبێ، بۆیە پێویستە لەتەك بەرەی بەرگری ئیسلامی بوەستنەوە و ڕێز لە سەروەری و كەرامەتمان بگرن.

ئاماژەی داوە، دوای سەركەوتنەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، شكستی پڕۆژەكەی ئەمەریكا لە وێرانكردن و دابەشكردنی عێراق و سووریا، لە كاتێكدا تا ئێستەیش حەشد لە شەڕی دژ بە داعش و لەناوبردنی پاشماوەكانیدان، كۆنگرێسی ئەمەریكا بڕیاری داوە بزووتنەوەی "نوجەبا" وەك گرووپێكی تیرۆریستی هەژمار بكات، بۆیە دووپاتی دەكەینەوە، ئەمە كارێكی دوژمنكارانەیە و هەوڵە بەردەوامەكانی ئەمەریكایە بۆ سەپاندنی بۆچوونی خۆی بەسەر عێراق و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی حزبوڵا هاتووە، بە توندی بڕیارە دوژمنكارانەكەی ئەمەریكا ڕەت دەكەینەوە و داوا لە حكوومەت و تەواوی لایەنە پێوەندارەكان و سیاسییەكان دەكەین، شەرم نەكەن و هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی خۆیان دژ بەو بڕیارەی ئەمەریكا دەرببڕن، چونكە گەنجانی حەشدی شەعبی بە قوربانیدان بەخۆیان پاڵەوانیەتی و سەركەوتنی گەورەیان تۆمار كرد، بۆ ئەوەی كەرامەت و سەرفرازی بۆ گەل و وڵات بگەڕێننەوە.

لە كۆتادا هێما بۆ ئەوەیش كراوە، گرووپەكانی بەرگری لە گەلەوە هێز و سەرچاوەیان وەرگرتووە و ڕادەستی هیچ بڕیارێكی وا نابن، ئەوانەیشی لەگەڵ ئەو بڕیارەدان لە ژێر پێی موجاهیدەكان تێك دەشكێن و تەواوی پیلان و پلانەكانی ئەمەریكا و سەهیۆنییەكان و پشتیوانیان تێك دەشكێنین.

چوارشەمی ڕابردوو كۆنگرێسی ئەمەریكا بزووتنەوەی "نوجەبا" كە یەكێكە لە گرووپەكانی ناو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، وەك گرووپێكی تیرۆریستی هەژمار كرد، نوجەبا ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێ و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی چەندان كردەی دژە مرۆیی و تاوانی گەورەی دژ بە سوننەكان.

سەرچاوە/سكای پرێس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د