زێدان دڵنیایە ریال مەدرید پێش بەرشەلۆنە دەكەوێتەوە
زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی و یانەی ریال مەدرید دڵنیایە یانەكەی دەتوانێ ركابەری یانەی بەرشەلۆنە بكات لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیسپانیا.
دوێنێ شەموو لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 12ی خولی پلە یەكی ئیسپانیادا یانەی بەرشەلۆنە بە 3 گۆڵی بێ وەڵام سەركەوتنی بەسەر یانەی لیگانیس بەدەستهێنا، یانەی ریال مەدریدیش بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید یەكسان بوو.
دوای ئەنجامدانی ئەو 12 یارییەی وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا ئێستا جیاوازی نێوان هەردوو یانەكە 10 خاڵە، یانەی بەرشەلۆنە بە 34 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكاندایە و ریال مەدریدیش بە 24 خاڵ لە ریزی سێیەمە.
زێدان دوای یارییەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن رایگەیاند: هەرگیز خولی ئیسپانیامان لەدەست نەداوە و بە دڵنیایشەوە یانەی بەرشەلۆنە تاسەر خاڵ كۆ ناكاوە.
ئاماژەی بەوەشدا كە كێشەی ئێستای یانەی ریال مەدرید گۆڵ تۆمار نەكردنە بەپێچەوانەوە لەسەرجەم یارییەكاندا باشترین ئاست پێشكەش دەكات، جەختیشی كردەوە كە پێویستە لە یارییەكانی داهاتوودا ئەو كێشە چارەسەر بكەن.
راهێنەری یانەی ریال مەدرید تەئكیدی كردەوە بەهیچ شێوەیەك ناسناوی خولی ئیسپانیان لەدەست نەداوە و تا كۆتایی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەیان دەدەن.
جێی باسە یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردووی ئیسپانیا و ئەوروپا لەم وەرزە ئاستی وەك پێویست نییە و لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش دوای ئەنجامدانی 4 یاری ئێستا بەكۆكردنەوەی 7 خاڵ و بەجیاوازی 3 خاڵ لەگەڵ یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی لە ریزبەندی دووەمی كۆمەڵەی هەشتەم دێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم