دوا زانیاری لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی

:: PM:03:44:19/11/2017 ‌
قایمقامی ناوەندی هەولێر، دوا زانیاری لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد، ئەو بڕەی بەغدا ناردوویەتی، لە نێوان پارێزگاكان دابەش كراوە و ئێستە دابەشكردنی نەوتی ماڵانیش دەستی پێ كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی تشرینی دووەم، نەبەز عەبدوالحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو نەوتەی بەغدا ناردوویەتی بڕەكەی 30 ملیۆن لیترە، ئەو بڕە دابەش كراوە كە 10 ملیۆن لیتر بەر شاری هەولێر دەكەوێت.

زیاتر گوتی، ئێستە دابەشكردنی نەوت لە چەند ناوچەیەكی سنووری هەولێر دەستی پێ كردووە و بەغداش بە پرۆسەیەكی هێواش نەوتەكە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات.

ڕوونی كردەوە كە هەر ماڵێك 216 لیتر نەوت وەردەگرێت بەگوێرەی كۆبۆن و بۆ ئەو بڕە 51 هەزار دینار وەردەگیرێت.

لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا ئەو بەرپرسەی ئیدارییەی شارەكە ڕای گەیاند، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی بە زووترین كات نەوتی سپی لەناو شاری هەولێر دابەش بكرێت و لەگەڵ گەیشتنی هەر بڕێك دابەشكردنەكە خێراتر دەبێت.

هاوكات ئێستە بەرمیلێك نەوتی سپی لە بازاڕدا لە سەرووی 130 هەزار دینارە و لە دوو هەفتەی ڕابردوو ئەو نرخە تا 190 هەزار دینار بەرز بووەوە، ئەوەیش نیگەرانی هاووڵاتییانی لێ‌ كەوتەوە.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم