لە نزیك سنووری ئێران سەربازگەیەكی داعش لەژێر زەوی ئاشكرا بوو

:: PM:05:17:19/11/2017 ‌
 
بۆ یەكەمجار لە ناوچەیەكی رۆژئاوای شارۆكەی خانەقین كە هاوسنووری ئیرانە، سەربازگەیەكی ژێر زەمینی داعش ئاشكرا دەبێت، پۆلیسی خانەقینیش دەڵێت ناوچەكە ئێستە پۆلیسی دیالە سەرپەرشتی دەكات.
 
عەلی حەیدەر، ئەفسەری هەواڵگری لە پۆلیسی پارێزگای دیالە، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوچەی پەلكانەی رۆژئاوای شارۆكەی خانەقین، سەربازگەیەكی گەورەی داعش دۆزراوەتەوە.
 
زیاتر گوتی، سەربازگەكە 40 مووشەك و 45 گولە ئارپێجی و 33 بۆمبی چێنراو و بۆمبی لكێنراو و نارنجۆك لەگەڵ زیاتر لە 50 كیلۆ مادەی سیفۆری تێدایە. ئاشكرای كرد، بەدەر لەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە مۆری ویلایەتی دیالەی رێكخراوی داعش و سەدان ئاڵای داعشی تێدابووە.
 
سەبارەت بە سنووری ئەو سەربازگەیەی داعش كە لەژێر زەویدایە، عەقید هیشام ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی خانەقین، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ناوچەكە سەر بە خانەقینە، بەڵام لە نەفتخانە و ئێرانەوە نزیكترە، بۆیە پۆلیسی دیالە راستەخۆ چووەتە شوێنی سەربازگەكە. 
 
شایەتحاڵێك لە سنووری ناوچەكەوە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، جلوبەرگ و كتێبیش لە ناو گونییەدا هەڵگیرابوو، دۆزرایەوە، ئاشكرای كرد، شایەتحاڵەكە دەزگە تەناهییەكانی لەو سەربازگەی ژێر زەمینە ئاگەدار كردووەتەوە پاش دەركەوتنی شوێنەوارەكانی لە سەر زەویدا.
 
پێشتر چەكدارانی داعش لە سنووری پەلكانەوە هێرشیان دەكردە سەر مەندەلی و سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە خانەقین, بۆیە وا پێشبینی دەكرێت بارەگەی سەرەكیان بووبێت.

رێكخراوی داعش لە 2014 دەستی بەهێرشێكی فرەوان لە عێراق كرد و توانی لە ماوەیەكی كەمدا بەهۆی شكانی سوپای عێراق زۆرینەی پارێزگە سوننەكان كۆنترۆڵ بكات، دوای ئەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ  بەداعش لە زیاتر لە 60 دەوڵەت بە سەركردایەتی ئەمەریكا هاتە دامەزراندن و لەو ساتەوە جەنگی سەختی دەستی پێ كرد و بەم دواییەش شارۆكەی راوە لە پارێزگەی ئەنبار وەك دوا مۆڵگەی داعش لە عێراق پاككرایەوە.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل