مامۆستایەكی كەمئەندام شەوانەش خزمەت دەكات

:: PM:09:07:19/11/2017 ‌

وەك هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و لە پێناوی پەك نەخستنی پڕۆسەی خوێندن لە خوێندنگەكەی، لە كارێكی ناوازە و گرنگدا، یەكێك لە مامۆستایانی خوێندنگەیەكی ناو شارۆكەی شارەزوور، مامۆستایەك كە كەمئەندامە، بە رۆژ لە خوێندنگەكەی وانە دەڵێتەوە و شەوانیش لە ماڵەكەیدا و لەسەر ئەركی خۆی، هەڵدەستێت بە چاككردنەوەی ئەو كەرەستانەی كە لە خوێندنگەكەی شكاون.

مامۆستا ئیسماعیل عەلی، مامۆستای خوێندنگەی نیشتیمانی كچان لەناو شارۆكەی شارەزوور، بە"وشە"ی راگەیاند، لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان و سێكتەری پەروەردە بە شێوەیەكی گشتی بە تەنگژە و دۆخێكی نەخوازراودا دەڕوات و مامۆستایان چەندان داواكاری و گرفتیان هەیە، بە پێچەوانەی ئەوانەوە، بە ڕۆژ دەوام دەكەم لە خوێندنگەكەم، شەوانیش كاری دووەم لە ماڵەوە دەكەم كە چاككردنەوەی كورسی و رەحلە شكاوەكانی خوێندنگەكەمە.

زیاتر گوتی، سەرجەم ئەو كارانە، لەسەر ئەرك و گیرفان و بە ماندووبوونی خۆمە و  بە كەرەستە و ئامێری تایبەتی خۆم ئەنجامیان دەدەم.

ئەو مامۆستایەی شارەزوور، ئاماژەی بەوە كرد، ئەو كارەم لەكاتێكدایە كە وەك هاووڵاتی و مامۆستایەكی كەمئەندام، سەرباری پیشەی سەرەكی خۆم كە مامۆستاییە، هاوكات بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی دەزانم خزمەتی خوێندكاران و خوێندنگەكەم بكەم.

مامۆستا ئیسماعیل دووپاتی كردەوە كە هیچ كاتێك كەمئەندامییەكەم لە توانا و مەردایەتی مرۆڤەكان كەم ناكەتەوە، بگرە زۆر لە كەمئەندامان سەرەڕای كەمئەندامی بەشێكی گرنگ لە جەستەیان، هێشتە ئەوە نەبووەتە رێگر لەبەردەم خزمەت و هاوكارییەكانی بۆ بواری پەروەردە.

هاوكات بە پێی زانیارییەكانی "وشە"، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور، ئەو مامۆستایە بە پێدانی خەڵاتی رێزلێنان بەسەر بكرێتەوە لەپاری ئەو كارانەی كە ئەنجامی داوە.

شارۆكەی شارەزوور، نزیكەی 25 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و خاوەنی شارەدێی وارماوا ژمارەیەك گوندە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل