كۆمكاری عەرەبی رای گەیاند كە مووشەكەكانی ئێران بووەتە هەڕەشەیەك بۆسەر پایەتەختەكانی عەرەبی و ئێران هەوڵ دەدات ببێتە خەنجەرێك لەناوقەدی سعوودیە و وڵاتانی كەنداودا.
ئەمڕۆ لەسەر داوای سعوودیە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە كۆمكاری عەرەبی لە قاهیرە بە شێوەیەكی نائاسایی كۆبوونەوە و تاوتوێی چەند باسێكی پێوەست بە ناوچەكەیان كرد، بە تایبەتی هەڕەشەكانی ئێران و حزبوڵای لبنانی بۆسەر ناوچەكە.
ئەحمەد ئەبوغێت ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دوای كۆبوونەوەكە دووپاتی كردەوە، ئێران دەیەوێت ببێتە خەنجەرێك لە ناوقەدی سعوودیە و وڵاتانی كەنداو و راشی گەیاند كە ئەو مووشەكانەی حوسییەكان ئاراستەی سعوودیەیان كرد مەترسیدارترین بازنە لە زنجیرەی پێشێلكاری و خراپەكاری و بڵاوكردنەوەی فیتنە بووە كە ئێران لە ناوچەكە پێی هەڵدەستێت.
زیاتر گوتی، ئێمە هیچی ترمان نییە لە بەرامبەر ئەو كارانە بێجگە لەوەی بڵێین كە هەڵدانی ئەو مووشەكە بەرەو سعوودیە پەیامێكی روونی ئێرانە بەوەی هەوڵی خراپەكاری و بڵاوكردنەوەی دووبەرەكی و رق دەدات و نامەیەكیشە بۆ سعوودیە و وڵاتانی تری عەرەبی بە گشتی، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە ناوچەكە لە توندوتیژی و تایفیەت كە ئێران دروستی كردووە رزگار بكرێت.
زیاتر گوتی، تا ئێستە 76 مووشەكی بالیسی بەرەو سعوودیە هەڵدراوە كە هەموویان دروستكراوی ئێرانن، بۆیە لێرەدا پاڵپشتیی تەواومان بۆ سعوودیە لەهەر هەنگاوێك كە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وەری دەگرێت، دووپات دەكەینەوە.
ئەبولغێت داواشی لە ئەنجوومەنی ئاسایش كرد كە رێگری لە ئێران بكات لە پاڵنانی ناوچەكە بەرەو هەڵدێر و ئاماژەی كرد كە ئێران بە پاڵپشتی رێككەوتننامەی ئەتۆمی سیاسەتێكی تایفیانەی گرتووەتە بەر. ئەو ئێرانی وریا كردەوە لە بەردەوامبوون لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەكە.
ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی دووپاتی كردەوە كە لەبارەی هەڕشەكانی ئێرانەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قسە دەكەین، بەڵام بڕیارەكانی كۆمكاری عەرەبی مانای راگەیاندنی جەنگ نییە لەگەڵ ئێران ئێستە، بەڵكو رێوشوێنی بە هەنگاو وەردەگرین.
ئەبولغێت رای گەیاند كە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب باسی حزبوڵای لبنانی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دەكات و لبنانیش واژووی بەیاننامەكەی كردووە، بەڵام لە بڕگەكانی پێوەست بە حزبوڵا خۆی بەدوور گرتووە.
ئێستە ململانێی نێوان سعوودیە و ئێران پێ دەنێتە ناو هەنگاوێكی نوێ لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەیەكی ناراستەوخۆی سەربازی لە رێگەی لێدانی لایەنگرانی ئێران لە ناوچەكەدا، وەك لە یەمەن و لبنان و سووریا.