هاوسەرەكەی نوشتە و دوعای پێ دەگرێت و دەری دەكات

:: PM:11:34:19/11/2017 ‌

ژنێكی تەمەن ٣٥ ساڵ كە خاوەنی كچێك و كوڕیكی تەمەن كەمتر لە هەشت ساڵە، بە هۆی ئەوەی چەند جارێك لەلایەن مێردەكەیەوە نوشتەی پێ دەگیرێت و چەند جارێك بەهۆی ئەو قسانەی كە قاوەگر پێێ گوتووە لەگەڵ هاوسەرەكەی دەبێت بە كێشەیان، ئێستە ئەو ژنە بەهۆی ئەوەی نوشتەی لێ گیراوە، شەش مانگە لە ماڵی باوكیەتی و هاوسەرەكەی پێی گوتووە تەڵاقی دەدات و با شێخ و قاوەگرەكان كێشەكەی چارەسەر بكەن.

(تەلار)، ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە كە دوای 10 ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیرییەوە، بەهۆیی نوشتە و دوعا  و قاوەگرتنەوە خەریكە ماڵی لێ دەشێوێت و منداڵەكانی دەبن بە قوربانی بڕوابوونی دایكیان بە شتێك كە لای باوكیان ڕەت كراوەتەوە و بە تێكدەری چەندین خێزان دادەنرێت، (تەلار) باسی بیروباوەڕی خۆی بە نوشتە و دوعای شێخ و مەلاكان بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، خووم بە سەردانیكردنی شێخ و قاوەگرەكانەوە گرتووە و ناتوانم تەركی بكەم، چونكە بڕوام پێیەتی.

من هەر بە كچیش پێش ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ (شوان) بكەم هەمیشە لەگەل هاوڕی كچەكانمدا دەچووین بۆ كردنەوەی بەختمان و قاوەمان دەگرتەوە بۆ ئەوەی داهاتوومان بزانین، هەر لە سەرەتاوە من باوەڕی زۆرم پێی هەبووە، چونكە  زۆر شت دەڵێن ڕاست دەر دەچێت، من بەختم بەسترابوو، شێخێك لە كەركووك بەختی كردمەوە و دوای سێ مانگ هاوسەرگیریم لەگەڵ (شوان) كرد.

چەندین جار كێشەمان هەبووە لە ماڵی باوكم یان لە ماڵی خۆم، هەر بە دووعای شێخ و مەلا هەموو شتیكم چارەسەر كردووە، بەڵام (شوان) بە هەموو شێوەیەك ئەو جۆرە كارەی منی ڕەت كردووەتەوە و هەمیشە دەڵێت ئەوانە دژی دین و خوا و مرۆڤایەتین، من هەندێ جار دێمە سەر بڕوای ئەو، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر جار كێشەی منیان چارەسەر كردووە.

(تەلار) باس لەوە دەكات بۆ قاوەگرتنە چەندین شار و شارۆكەی كوردستان گەڕاوە و ناو ناوبانگی هەر شێخیك یان قاوەگرێكی بیستبێت سەردانی كردووە، ئەوە دەشڵێت زۆرترین پارەی لەو بابەتانەدا خەرج كردووە، هەركاتێكیش مێردەكەی ڕێگەی سەفەركردنی لێ گرتبێت، ئەو لە ڕیگەی پێوەندی تەلەفۆنییەوە قاوەی بۆ گیراوەتەوە.

باس لە چۆنیەتی قاوەگرتنەوە دەكات لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، زۆر جار ناتوانم لەبەر (شوان) سەردانی قاوەگر یان شێخەكان بكەم، بۆیە ژمارەی تەلەفۆنیان وەردەگرم و پێوەندیان پێوە دەكەم، ئەوانێش ناوی خۆم و مێردەكەم و دایكی خۆم و مێردەكەمم لێ وەردەگرن و زۆرشتم لەسەر ژیانم پێ دەڵێن، لە بەرامبەریشدا دەبێت كارتێكی ١٠یان ٢٠ هەزار دیناری كۆڕەك یان ئاسیا یاخود كارتی ئینتەرنێتیان بۆ بنێرم.

ئەو باس لەوەش دەكات، زۆربەی ئەوانەی قاوە دەگرنەوە ئێستە هەر لە ماڵەكانیاندا دانانیشن و خەڵك سەردانیان بكات، بەڵكو ئێستە زۆربەی ئەو قاوەگرانەی كە عەرەبن و دانیشتوی كوردستانن، لەبەر بارودۆخی تەناهی خۆیان، دەڵین لە كافیتریا دەتبینم و لەوێ هەم قاوە دەخۆینەوە هەمیش بەختمان بۆ دەگرێتەوە، بۆیە ئێستە زۆربەی ئەوانەی كە قاوە دەگرنەوە و دواتر بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەی لە قاوەكەدا دەردەكەوێت هەر لە ڕێگەی پێوەندی تەلەفۆنییە یاخود بینینە لە كافیتریاكان، كە نرخی قاوەگرتنەوە لە كافیتریاكان لە 25 هەزار دینارەوە دەست پێ دەكات تا 50 هەزار دینار، بەڵام نوشتە نرخی گرانە من وەك خۆم هەزار دۆلارم بە نوشتە داوە. هاوڕیكانم بە گرانتریش كردوویانە.

(تەلار) نایشارێتەوە كە ئەو ڕیگەیانەی چەندین جار دووبارە كردووەتەوە و چەندین جاریش هاوسەرەكەی پێی زانیوە و كێشەكەیان گەورەتربووە لەوەی كە چووە چارەسەری بكات، ئەو دەڵێت دڵپیسی لە (شوان) دەكات، چونكە لە قاوەكەیدا دەركەوتووە كە چەندین كچ لە دەورین و وازی لێ ناهێنن و(شوان) یش پێی گوتووە كە هیچ كەسێك لە ژیانیدا نییە و تەنیا خێزانەكەی خۆی دەوێت.

ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە زیاتر لە 10 جار لەسەر ئەو بابەتە لێیان بووە بە كێشەی گەورە، دوای ئەوەی چەندین جار (شوان) لە ماڵەكەیدا  (نوشتە و دوعا)  دەدۆزێتەوە، ئیتر دوایین دەرفەت بە (تەلار) دەدات كە واز لەو شتانە بێنێت، دوای ئەوەی كە بەڵین دەدات ئەو دەڵیت نەی توانیوە بەڵینەكەی بباتە سەر و جارێكی تر سەردانی شێخی كردووە و دوعای خۆشەویستی (موحبەتی) كردووە، كە وەك خۆی دەڵێت زۆر باوە لەناو ئەو كەسانەی ئەو كارانە دەكەن، ئیدی (شوان) پێی دەگرێت و دوای شەڕێكی گەورە لە ماڵ دەری دەكات و منداڵەكانیشی پێ نادات.

(تەلار) دەلێت (شوان) پێی گوتووە منداڵەكانت نادەمێ و تەڵاقیشت دەدەم، بڕۆ با شێخ و قاوەگرەكان بۆت وەربگرنەوە، دەڵێت لە ماوەی ئەو شەش مانگەی كە لە مالی باوكیەتی زیاتر لە ١٥ دوعا و نوشتەی لە چەند شوێنێكی جیاواز كردووە  بۆ گەڕانەوەی بۆ ماڵەكەی، بەڵام هیچ سوودی نەبووە. ئەو ئاماژە بەوە دەكات، نازانێت ئەو كارەی ئەو دەیكات ڕاستە یاخود هەڵە، بەڵام ناتوانێت تەركی بكات، چونكە وەك نەخۆشی چووەتە گیانی و ئێستەش بە گەورەیی كاری لە ژیانی و جەستەشی كردووە و نازانێت داهاتووی لەگەل منداڵەكانی و هاوسەرەكەی بە كوێ دەگات.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل