هاری كین لەبارەی چوونی بۆ یانەی ریال مەدرید چی گوتووە؟
هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە هیواخوازە هەموو ژیانی وەرزشی خۆی لە یانەكە و خولی نایابی ئینگلیزیدا بەسەر ببات و نەچێتە هیچ یانەیەكی تر.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە یانەی ریال مەدرید گرینگی بە گواستنەوەی ئەو هێرشبەرەی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا دەدات و بڕیاریشی داوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بە رژی كار لەسەر گواستنەوەی بۆ شاری مەدرید بكات.
سەبارەت بەو گرینگیدانەی یانەی ریال مەدرید كین بۆ رۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی گوتی: ئامانجم ئەوەیە هەموو ژیانی وەرزشیم تەنیا بە درێسی یانەی تۆتنهام بێت.
زیاتر گوتی: تێپێكی باشمان هەیە و راهێنەرێكی گەورە و بارەگایەكی مەشق و راهێنانی زۆر باشمان هەیە، جگە لەوەش نزیكبووینەتەوە لە گواستنەوە بۆ یاریگە نوێیەكەمان، بۆیە هەموو شتێك لێرە بۆ من باشە و زۆریش دڵخۆشم.
لەبارەی باشترین یاریزانی ئەڵمانی لە خولی ئینگلیزی، كین رایگەیاند كە ئەوە لیرۆی سانی یاریزانی یانەی مانچستەر سیتییە.
جەختیشی كردەوە كە سانی سەرسامی كردووە و یاریزانێكی خێرا و بە جموجۆڵە و راگرتنی زەحمەتە، جگە لەوەش لەم وەرزەدا تا ئێستا چەندان گۆڵی لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی تۆمار كردووە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم