ریال مەدرید 20 یاریزان بۆ یارییەكەی ئەپۆیڵ نیكۆسیا بانگهێشت دەكات

:: AM:11:48:20/11/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی 20 یاریزانی تیپەكەی بۆ گەشتەكەی نیكۆسیای پایەتەختی وڵاتی قوبڕس بانگهێشت كردووە تا یارییەكەیان بەرامبەر ئەو یانەیە لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئەنجام بدەن.

یانەی ریال مەدرید سبەی سێشەم لە پێنجەم یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان رووبەڕووی یانەی ئەپۆیڵ نیكۆسیا دەبێتەوە.

یانەی شاهانە لە یاریی چووندا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئە 3 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردبووەوە.

زێدان بۆ یارییەكە چەند یاریزانێكی تیپەكەی بەهۆی پێكانەوە لە پێكهاتەكە دوور خستووەتەوە كە گرینگترینیان سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی یانەكەیە كە لە یاریی شەمووی رابردووی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لووتی شكابوو.

یاریزانە دوور خراوەكانی تریش برێتین لە كایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی و گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی.

20 یاریزانە بانگهێشتكراوەكەی یانەی ریال مەدرید بۆ یارییەكە بەمشێوەی خوارەیەوە:-

گۆڵپارێز: كاسیا – مۆحا.

بەرگری: كارڤاخال، ناچۆ، ڤاران، پاییخۆ، مارسێلۆ، تیۆ هێرناندیز و حەكیمی.

ناوەڕاست: مۆدریچ، كڕووس، ئیسكۆ، ئەسینسیۆ، كاسیمێرۆ، سیبایۆس و یۆرێنتی.

هێرشبەر: ڤاسكێز، رۆناڵدۆ، بەنزیما و مایۆرال.

یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 7 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی یانەكانی كۆمەڵەی هەشتەم دێت، یانەی تۆتنهام بە 10 خاڵ پێشەنگی یانەكانی گرتووە، هەروەها یانەكانی بڕووسیا دۆرتمۆند و ئەپۆیڵ نیكۆسیاش هەریەكەو 2 خاڵیان هەیە.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م