نهێنی نەگەیشتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ مۆندیال ئاشكرا كرا

:: PM:01:09:20/11/2017 ‌

ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئیتاڵی لەلایەن ڤینتۆرای راهێنەری دوورخراوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیاوە چەند نهێنییەكی شكستی هەڵبژاردەكەی بۆ گەیشتن لە مۆندیالی 2018ی روسیا ئاشكرا كرد.

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هەفتەی رابردوو لە یارییەكانی پاشكۆی پارزەوینی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا لەسەر دەستی هەڵبژاردەی سوێد دۆڕا، بەمەش هەڵبژاردەكە دوای 60 ساڵ بۆ یەكەمجار نەیتوانی بگاتە یارییەكانی كۆتای مۆندیال.

ماڵپەڕی سكای سپۆڕت بڵاوی كردەوە، دوای یەكسانبوونی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەرامبەر ماكدۆنیا لە یارییەكانی پاڵاوتنی ئەوروپا بۆ مۆندیالی رووسیا، ئەستێرە گەورەكان وەك جیانلویجی بوفۆن و دانێلۆ دی رۆسی و ئەندریا بارزالی لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەكەیان كۆبوونەوەیان ئەنجام دا و جەختیان كردەوە كە دەبێت لە یارییەكانی پاشكۆدا سەركەوتن بەدەست بێنن.

ئەو كات ڤینتۆرا لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدار نەببوو و پێیوابوو ئەستێرەكان پلان بۆ شۆڕشكردن بەسەریدا دادەنێن تا بەتەواوی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دووری بخەنەوە.

ڤینتۆرا هەروەها هەستی بەوە كردبوو یاریزانێك هەیە زانیارییەكانی نێو هەڵبژاردەكە دەگەیەنێتە رۆژنامەكان، چەند سەعاتیك پێش یاریی گەڕانەوەش بەرامبەر هەڵبژاردەی سوێد پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئاشكرا ببوو.

دوای بڵاوبوونەوەی پێكهاتەكە ڤینتۆرا بۆی روون ببووەوە كە یاریزانانی هەڵبژاردەكەی دەیانەوێ شۆڕشێك دژی بەرپا بكەن و لە كارەكەی دەری بكەن.

ماڵپەڕی سكای سپۆڕت ئاماژەی بەوەشدا كە دوای بڵاوبوونەوەی پێكهاتەكە ڤینتۆرا چوبووە نێو ژووری خۆگۆڕین و هاواری بەسەر گشت یاریزانانەكان بەتایبەتیش ئەستێرەكان كردبوو و پێی گوتبوون "كۆبوونەوەتان ئەنجامدابوو و پلانیشتان بۆ هەموو شتێك داڕشتبوو".

هەروەها بە ئەستێرە گەورەكانی هەڵبژاردەكەی گوتبوو "كەواتە ئێستا كێشەكانیش چارەسەر بكەن و راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە بكەن و پێكهاتەكەش بۆ یارییەكە دیاری بكەن".

ئەم زانیاری و نهێنیانە ئەوە دەگەیەنێ كە نێوانی ڤینتۆرا و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەتایبەتیش ئەستێرە گەورەكان خۆش نەبووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هەڵبژاردەكە سەركەوتن بەدەست نەهێنێ و نەگاتە ركابەرییەكانی كۆتای مۆندیالی 2018ی رووسیا.

جێی باسە دوای شكستەكە هەرسێ ئەستێرە گەورەكەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بوفۆن و دێ رۆسی و بارزالی بڕیاری وازهێنانی یەكجارییان لە یارییە ناودەوڵەتییەكان دا و دەستبەرداری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بوون.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م