حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ دەستبەجێ بەگەڕخستنی هەوڵەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزا بەكۆمەڵەی كە حكوومەتی عێراق سەپاندوویەتی بەسەر گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لە هەواڵێكی سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئەو سیاسەتە سزا ئامێزە كە لەلایەن بەغداوە لە دژی هەولێر پێڕەو دەكرێت، پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكانە، لە كاتێكدا كە ئەركی سەرەكی حكوومەتی عێراق بریتییە لە پاراستنی هاووڵاتییانی عێراق بە ئاوارەكانیشەوە، هەروەها پێویستە حكوومەتی عێراق مافی مرۆڤ و ئازادییەكانی تاك و كۆمەڵگە بپارێزێت.
لە بەشێكی هەواڵەكەی سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، كەمكردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018 بە بێ ڕاوێژكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كورستان، داخستنی ئاسمانی هەرێمی كوردستان و سنوورداركردنی گەشتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بەشێكن لە و سزادانە بەكۆمەڵانەی كە دژ بە هاووڵاتییان ڕاگەیەنراون.
ئەو سزادانانە بوونەتە هۆی ڕێگریكردن لە هەوڵەكانی یارمەتی مرۆیی و پێداویستی رۆژانە بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. بە هاتنی وەرزی زستان، زۆر لەو ئاوارانە كە بەشێكیان لە خوشك و برا ئێزیدییەكان و كریستیانەكان و ئاوارەكانی ئەم دواییەی كەركووك و خورماتوو و شوێنەكانی تر پێك دێن، بەبێ پێداویستی و یارمەتیی سەرەكی دەمێننەوە كە لەلایەن رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە ناحكوومییەكان و نێودەوڵەتییەكان پێشكەشیان دەكرا.
لە داواكارییەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی زۆر گرنگن بۆ دابینكردنی پێداویستییە مرۆیییەكان بۆ ئاوارەكان و بۆ دەستەبەركردنی پێویستییە سەرەتایی و سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتییان بە گشتی، لەمانە خزمەتی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان و قوربانییان و برینداران لە شەڕی دژ بە داعش. سنوورداركردنی مافی گەشت دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بواری ئاشتی و سەقامگیری و پێشكەوتن.
بۆیە ئێمە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین دەسەڵاتدارانی حكوومەتی عێراق هان بدەن بۆ ئەوەی بەبێ مەرج ئەو ئابڵۆقەیە هەڵگرێت كە لە دژی هەرێمی كوردستان ڕاگەیانراون، لە ناویانیشدا هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی دژ بە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی.
هەوڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگ دەزانین لە نێوەندگیریی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئابڵۆقەی ئاسمانی و سزا بەكۆمەڵەكانی تری سەپێنراو بەسەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بەدوور بگرین لەو كاردانەوە نەرێنییانە لەسەر خزمەتگوزاری مرۆیی، تەندروستی، پەروەردە و خوێندن، ئاسایشی خۆراك، ئاسایشی هاووڵاتییان، بوارەكانی كار و داهات لە هەرێمی كوردستاندا.