" كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نایاسایییە"

:: PM:02:30:20/11/2017 ‌
سەرۆكی لیستی برایەتی لە پارێزگای كەركووك ئاشكرای دەكات، بەلای ئێمەوە مەرجی ئەنجامدانی كۆبوونەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بریتییە لە چوونە دەرەوەی حەشدی شەعبی و هێزەكانی تر.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، محەمەد كەمال سەرۆكی‌ لیستی‌ برایەتی‌ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێم وانییە ڕێژەی یاسایی بۆ كۆبوونەوەكە تەواو بكرێت، ئەمە جگەلەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادە نییە بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكات.

 سەرۆكی لیستی برایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، مەرجی ئێمە وەك ئەندامانی پارتی بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بریتییە لە چوونە دەرەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوات لەناو شاری كەركووك و دەوروبەری.

لەبارەی‌ سەندنەوەی متمانە لە ڕێبوار تاڵەبانی، محەمەد كەمال گوتی، ئاسایییە وەك سەرۆك نەمێنێت، بەڵام وەك جێگری ئەنجوومەنەكە دەمێنێتەوە و ڕێ نادەین داوای لادانی لەو پۆستە بكرێت، هەروەها ناتوانرێت پارێزگاری نوێ دابنرێت، تا ئەوكاتەی بەبڕیارەكەی خۆماندا نەچینەوە لەبارەی یاساییبوونی مانەوەی پارێزگاری ئێستەی كەركووك.

ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ كەركووك لە 41 ئەندامی‌ هەیە، 26 ئەندامیان فراكسیۆنی‌ برایەتییە، دوای‌ رووداوەكانی‌ 16ـی تشرینی یەكەم، شاری‌ كەركووك و ناوچە ناكۆكەكانەوە كە هێزە عێراقییەكان كۆنتڕۆڵیان كردەوە بەهاوكاری چەند سەركردەیەكی ناپاكی یەكێتی.

شاری كەركووك كە شارێكی كوردستانییە و ئێستە لەلایەن حەشدی شەعبی دەستی بەسەردا گیراوە، هەوڵی شێواندنی دیمۆگرافیای شارەكە دەدرێت لەلایەن حكوومەتی عێراق و چەند لایەنێكی شیعە نزیك لە ئێران.



وشە - رامیار جەواد