بە بەرچاوی وەزیری كشتوكاڵەوە بیر لێ‌ دەدرێت و قسە ناكات

:: PM:03:29:20/11/2017 ‌
تا دێت ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە كوردستان ڕوو لە دابەزین دەكات، سەرباری كاریگەرییە سروشتییەكان "گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل" لە بەرانبەر لێدانی بیری ئاو، كاریگەری گەورەی لەو ڕووەوە دروست كردووە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" لە چەند سنوورێكی هەرێمی كوردستان، تا ئێستە لێدانی بیر بە شێوەیەكی نایاسایی و قەدەغەكراو بەردەوامی هەیە، لێدانی ئەو بیرانە لە ڕێی بەرتیل لەلایەن بەرپرسانی كارگێڕییەوە دەكرێت و تا ئێستەیش چەند كەسێك بەو هۆیەوە دراونەتە دادگا.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە بەپێی ڕێنوێنی بیر لێ دەدرێت، بەڵام ئەو بیرانەی لە ڕێی "ئامێری سووری" لێ دەدرێن و پێی دەڵێن بیری سووری، قەدەغەیە.

"وشە" زانیویەتی لە لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی چاكسازی هەرێمی كوردستان چەند كەیسێكی تایبەت بە كەرتی كشتوكاڵ هەیە و بەشێكیش لەو كەیسانە پێوەندی بە لێدانی بیر و داگیركردنی زەوی و زێدەڕۆیییەوە هەیە.

د. خاڵس ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بۆ ئەوەش چەند هۆكارێك هەن كە پێوەندی بە گۆڕانكاری زەوییەوە هەیە، سەرباری وشكەساڵیی چەند ساڵی ڕابردوو كە ڕێژەی بارانبارین كەمی كردووە.

ڕوونی كردەوە كە لە ماوەی ئەمساڵدا ژمارەی لێدانی بیر زیادی كردووە و زیادەڕۆیی لەسەر بەكارهێنانی ئاو جارێكی تر زۆر زیادی كردووە، سەرباری ئەوەی ئەو بیرانەی لێ دراون، زۆربەیان بەشێوەیەكی نایاسایی بوون و بۆ كشتوكاڵ لێ دراون.

بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد كە لیژنەیەكی بەدواداچوون پێك هێنرا بەمەبەستی چاودێری و ڕێگرتن لە لێدانی بیری نایاسایی، بۆ ئەوەش هێزەكانی زێرەڤانی هاوكاری دەكەن بۆ ئەوەی لە تەواوی كوردستان ڕێگری لەو كارە بكەن.

د. خاڵس دەڵێت "بەشێكی زۆر لە خەڵك لەسەر لێدانی ئەو بیرانە گیراون و خەڵكیش هەیە بەهۆی ڕێدان بە لێدانی ئەو بیرانە، دراونەتە دادگا و لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە تا ئێستە بەردەوامە".

"بە پێی بەدواداچوونەكان دەركەوتووە لە هەندێك شوێن ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاتر لە 100 مەتر دابەزیوە و لە هەندێك شوێنی تریش كەمترە". بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ وادەڵێ‌.

لەلایەكی ترەوە بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، پێویستە قووڵی بیر تەنیا چەند مەترێك بێت و هاوكات دووریی نێوان بیرەكان بەشێوەیەكی گونجاو بێت و نابێت لە هەندێك زەوی كشتوكاڵیش بیر لێ‌ بدرێت، بەڵام ئەو بیرانەی ئەمساڵ لێ دراون، زۆربەیان ئەو مەرجانەیان تێدا نییە، بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" دەركەوتووە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ، زانیارییەكانی "وشە" پشتڕاست دەكاتەوە و باس لەو سزایانە دەكات بەسەر ئەو كەسەدا دەسەپێت كە بیری نایاسایی لێ داوە. زیاتر گوتی "سەرەتای سزاكە بە پڕكردنەوەی بیرەكە دەست پێ دەكات و دواتر دەدرێت بە دادگا لە ڕێی یەكە كارگێرییەكان و بیری (پایل) سزای قورسی لەسەرە". بەڵام ژمارەی هیچ كەسێكیان لا نییە كە سزا درابێت، دووپاتی دەكاتەوە "خەڵك دراوەتە دادگا".

لای خۆیەوە نەزیر ئەسعەد بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، دوو تیمی پێوانی ئاستیی ئاوی ژێرزەوی هەفتانە كاری خۆیان دەكەن، لە 80 بیری ئاو دەركەوتووە كە ئاستی ئاوی ژێر زەوی ڕووی لە دابەزینە.

ڕوونی كردەوە، ئامێری "پایل"ی سووری بۆ لێدانی بیری ئاو، زیانێكی گەورەی لەسەر ئاوی ژێرزەوی دروست كردووە، سەرباری ئەوەی بەردەوام وەزارەتی ناوخۆ ئەو ئامێرانە دەستبەسەر دەكات و تا 120 ئامێری پایلی سووری گیراوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سلێمانی لە سەرپێچی لێدانی بیری ئاو و گەندەڵی لەو كارەدا، پشكی شێری بەردەكەوێت. سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەرباری سەلماندنی زانیارییەكانی "وشە"، ڕای گەیاند كە "زیاتر لە هەزار و 220 ئامێری نایاسایی كە بیری ئاوی نایاسایییان لێ داوە، دەستیان بەسەردا گیراوە و تا ئێستەش هەوڵەكان بەردەوامن".

محەمەد ڕەسووڵ سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ئامێرانەی بیری ئاوی نایاسایی لێ دەدەن، ئێستە كێشەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروست كردووە و ئامێرێكی زۆری نایاسایی هاتوونەتە سلێمانی.

ڕوونی كردەوە كە تا ئێستە توانراوە هەزار و 220 ئامێری نایاسایی لێدانی بیری ئاو دەستیان بەسەردا بگیرێت و لە ناو ببرێن، بەڵام تا ئێستە ئامێری زۆر ماوە دەستیان بەسەردا بگیرێت.

غەریب مستەفا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، پێی وایە كە ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ئەنجامی ئەو كارە هەڕەمەكییانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئەنجام دەدرێت، هیچ لێپرسینەوەیەكی لەسەر نییە، دابەزینی بەردەوامە.

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان، بۆ "وشە"ی ڕای گەیاند، مەترسیی گەورە بەهۆی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل بۆ لێدانی بیر لەسەر ئاوی ژێرزەوی هەیە، كارێكی وا كراوە لە ماوەی ساڵێكدا ئاوی 20 بۆ 30 ساڵ دەرهێنراوە و بەهەدەر دراوە.

ڕوونی كردەوە، لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی جیاوازی هەیە، بۆ نموونە لە ناوچەی "سیتەك" /رۆژهەڵاتی سلێمانی/ زۆربەی بیرەكان وشكی كردووە، چونكە بەبێ‌ بەرنامە لێ دراون، لە كاتێكدایە بەپێی ڕێنوێنی وەزارەتی كشتوكاڵ بەم شێوەیە نییە.

غەریب مستەفا ڕای گەیاند، لەلایەن بەرپرسانی كارگێڕی سنوورەكانەوە چاوپۆشی لە لێدانی بیر دەكرێت بەهۆی پێدانی "بەرتیل" یان كەسێك كە بەرپرسی باڵایە و بە گەندەڵی بیرەكەی لێ‌ دەدات.

ئەو پەرلەمانتارە سەرسوڕمانی خۆی لەوە پیشان دەدات كە زۆرجار بە بەرچاوی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بیر لێ دراوە و قسەی نەكردووە، بەگوتەی ئەو "زۆرجاریش چەند مەترێك لە دووریی داودەزگە حكوومییەكان بیر لێ دراوە و قسە نەكراوە".




وشە - سه‌رخێڵ هاشم